سەرچاوەیەکی بەرپرس لە گوندی بەشیری باشوری شاری کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، هێزەکانی لیوای 16 ی سەر بە حەشدی شەعبی لە ناوچەی بەشیر باڵادەستن، ئەم هێزانە زۆربەیان سەربە ڕێکخراوی بەدرن بە سەرۆکایەتی هادی عامری.
شەوی یەکشەممە، 2 ی مانگی دووی 2025، کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە ڕێگەی درۆنی خۆکوژەوە هێرشی کرایە سەر. بە پێی ڕاگەیەنراوی دژە تیرۆری سلێمانی، هێرشەکە زیانی گیانی ومادی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام هێرشەکە لەگوندی بەشیرەوە ئەنجامدراوە کە هێزەکانی حەشدی شەعبی لەو ناوچەیە باڵادەستن.
سەرچاوە بەرپرسەکە لە گوندی بەشیری باشوری شاری کەرکوک کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لیوای 16 ی حەشدی شەعبی لەگوندی بەشیر باڵا دەستن کە سەر بە ڕێکخراوی بەدرن، هەروەها فەوجێکی لیوای 15ش لەو گوندە لە ئەرکدان، گروپەکانی تریش بە ڕێژەیەکی کەم لەو ناوچە بوونیان هەیە."
ڕۆژی سێشەممەش باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق ئەو هێرشەی سەرزەنشت کرد و داوای کرد ئەنجامدەرانی هێرشەکە بەرپرسیار بکرێن.
سەرچاوەکە دەڵێت،"هەرچەندە دژە تیرۆری یەکێتی نیشتمانی گروپەکانی حەشدی بە بۆردومانکردنی کێڵگەی کۆرمۆر تۆمەتبار کرد، بەڵام ئەوان نکۆڵی دەکەن."
کێڵگەی گازی کۆرمۆر کە کۆمپانیای دانە گازی ئیماراتی سەرکارە تێیدا، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، چەندین جار لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوەو لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە کراوەتە ئامانج ، بەو هۆیەوە ژمارەیەک کرێکاری بیانی گیانیان لە دەستداوەو برینداربوون، ئەمە جگە لەو زیانانەی بەر کێڵگەکە کەوتوون.
بەپێی دواین ڕاگەیەنراوی کۆمپانیای دانەگاز، ڕۆژانە 503 ملیۆن پێ سێجا گاز لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر بەرهەم دەهێنرێت ، بەڵام لە ئێستادا مەزەندە دەکرێت بەرهەمهێنانی گاز لە ڕۆژێکدا بۆ سەرووی 550 ملیۆن پێ سێجا زیادی کردبێت.
کۆمپانیای دانەگاز پلانی هەبوو لە ساڵی 2023 رێژەی بەرهەمهێنانی گاز لە ڕۆژێکدا بگەیەنێتە 700 ملیۆن پێ سێجا، هەروەها بۆ ساڵی 2025 بەرهەمهێنانی گاز زیاتر بکات و بیگەیەنێتە نزیکەی ملیارێک پێ سێجا، بەڵام بۆردومانی میلیشیا شیعەکان پلانەکانی کۆمپانیاکەی بۆ فراوانکردنی کێڵگە گازییەکە ڕاگرت.
بەپێی ڕاگەیەنراوی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەسەر هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر پێکهێناوە، بە ئامانجی ئاشکراکردنی هۆکارەکانی تەقینەوەی نێو کێڵگەکە.
شارەزایانی بواری کەرتی وزە پێیانوایە، دوو هۆکار پاڵنەری میلیشیا شیعەکانە بۆ بۆردومانکردنی کێڵگەی گازی کۆرمۆر لەمکاتەدا، هۆکاری یەکەم ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدایە لەسەر هەناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم و پەیام گەیاندنی میلیشیا شیعەکانە لەسەر ئەو ڕێککەوتنە.
هۆکاری دوومیش ناکۆکی نێوان ئێران و کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتییە، کە ئەم کۆمپانیایە لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر سەرکارەو کێشەی یاسایی و ئابووری لەگەڵ ئێران دا هەیە، ئێران دەیەوێت لە ڕێگەی میلیشیاکانەوە فشاری لەسەر دروست بکات.
سەباح حەبیب، یەکێک لەنوێنەرانی کەرکوک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"مەسەلەی بۆردومانکردنی کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە ئەنجومەنی نوێنەران گفتووگۆی لە سەر نەکراوە، وەکو پەرلەمانتاران لە ڕاگەیاندنەکانەوە مەسەلەکەمان بیستووە."
کێڵگەی گازی کۆرمۆر کە دەکەوێتە سنوری ناحیەی قادر کەرەم ی سەربە قەزای چەمچەماڵ، بە سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی گازو کارەبای هەرێمی کوردستان دادەنرێت.