Accessibility links

شاندێکی بزووتنەوەی حەماس سەردانی مۆسکۆ دەکات


شاندێکی گرووپی توندڕەوی حەماس بە سەرۆکایەتی موسا ئەبو مەرزۆق بەمەبەستی ڕاوێژ لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیا گەیشتە مۆسکۆ.

بە وتەی کاربەدەستانی ئەم گرووپە توندڕەوە کە لە لایەن ئەمەریکا و یەکێتی ئەورووپاوە وەک گرووپێکی تیرۆریستی ناسراوە، ئەو سەفەرە لەسەر بانگهێشتی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بووە.

میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و نێردەی تایبەتی ڤلادیمێر پوتن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریکا، میوانداری شاندی حەماسیان کرد لە مۆسکۆ.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست کراوە، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ فەلەستینییەکان، بەدیهێنانی یەکڕیزی نێوان تاقمە فەلەستینییەکان و درێژەدان بە دانوستانەکانی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین .

لایەنی ڕووسی هەروەها جەختی لە "پێویستی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی سەرکردەکانی حەماس" سەبارەت بە ئازادکردنی بارمتەکان کردەوە.

موسا ئەبو مەرزۆق، جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند پێویستمان بە بەشداری ڕوسیا هەیە لە ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە و وتی "دەبێت ڕوسیا لەم پرۆسەیەدا ئامادەبێت و ڕۆڵی کارا بگێڕێت".

سەرۆکی شاندی حەماس سەردانەکەی بۆ مۆسکۆ بە بەشێک لە ڕاوێژکارییە بەردەوامەکان ناوبرد و ئاماژەی بەوەشکرد، ڕاوێژکارییە نوێیەکان "لەگەڵ ئازادکردنی بەشێک لە زیندانییەکان لەسەر داوای ڕووسیا هاوتەریبن".

موسا ئەبو مەرزۆق جەختی لەوە کردەوە کە ئەلێکساندەر تروفانۆڤ لە قۆناغی یەکەمدا "سەرەڕای ئەوەی پیاوێکی سەربازییە" ئازاد دەکرێت و ئەم کارە "وەڵامی ئێمەیە بۆ هەڵوێستی ئەرێنی ڕووسیا سەبارەت بە پرسی فەڵەستین".

ئەلێکساندەر ترۆفانۆڤ کە خاوەنی ڕەگەزنامەی ڕووسی و ئیسرائیلییە، لە ڕۆژێکەوە کە گرووپی توندڕەوی حەماس هێرشی کردە سەر باشووری ئیسرائیل، لەلایەن چەکدارە فەلەستینییەکانەوە بە دیل گیراوە.

ماکسیم خارکین، خەڵکی ناوچەی دۆنباس، کە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی ڕووسیادایە، بارمتەیەکی دیکەیە. دایک و باوکی ڕەگەزنامەی ڕووسییان وەرگرتووە، بەو هیوایەی کە یارمەتیدەر بێت بۆ دەستەبەرکردنی ئازادکردنی کوڕەکەیان.

موسا ئەبو مەرزوق ڕاگەیاندووە "خارکین دیلێکی جەنگە و لە قۆناغی دووەمدا دانوستان لەسەر ئازادکردنی دەکرێت، بەڵام لەبەر ڕێزگرتن لە ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، ناوی ئەو دەخەینە سەرووی لیستەکەوە".

سەردانەکەی شاندی حەماس بۆ مۆسکۆ لە کاتێکدایە کە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە لە 19ی 1ی 2025 دەستیپێکردوە.

XS
SM
MD
LG