ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە ئیسرائیل لای لیژنەی سەرپەرشتیکردنی ئاگربەستی لوبنان کە ئەمەریکا سەرۆکایەتی دەکات، سکاڵای کردووە کە دیپلۆماتکارانی ئێران و لایەنی دیکەش دەیان ملیۆن دۆلار پارە بە جانتا بۆ حزبوڵا دەگوازنەوە بۆ دابینکردنی دارایی ئەو گرووپە بۆ ئەوە بتوانێت خۆی بەهێز بکاتەوە.
بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە کە ڕۆژی هەینی 31ی مانگی یەک بڵاوکراوەتەوە و لەلایەن بەرپرسێکی بەرگری ئەمەریکاوە پشتڕاستکراوەتەوە، ئیسرائیل لە سکاڵاکەیدا ڕایگەیاندووە نێردراوانی ئێران بە جانتای پڕ لە دۆلاری ئەمەریکاییەوە لە تارانەوە بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەیروت گەشت دەکەن.
ئیسرائیل هەروەها بانگەشەی ئەوەی کردووە کە هاووڵاتیانی تورکیاش لە ڕێگەی ئیستەنبوڵەوە پارەیان بۆ بەیروت گواستووەتەوە.
لیژنەی ئاگربەست کە بەرپرسیار نییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ پێشێلکارییەکانی ڕێککەوتننامەکە، ئەم سکاڵایانەیان ئاراستەی حکومەتی لوبنان کردووە. لیژنەکە نوێنەرانی ئیسرائیل، لوبنان، ئەمەریکا، فەرەنسا و نەتەوە یەکگرتووەکان لەخۆدەگرێت.
بەشێک لە بەرپرسانی وڵاتانی ئەندامی ئەو لیژنەیە ڕایانگەیاندووە کە ئاگادارن لە بەکارهێنانی فڕۆکەخانەی بەیروت لەلایەن ئێرانەوە بۆ بە قاچاخ بردنی پارە و ئەو بانگەشانە بە باوەڕپێکراو دەزانن.
بەپێی ڕێککەوتنی ئاگربەست، لوبنان پێویستە کۆنترۆڵی چوونە ژوورەوە بۆ وڵاتەکەی بکات و ڕێگری لە گواستنەوەی چەک و کەرەستەی پەیوەندیدار بۆ گروپەکانی وەک حزبوڵا بکات، بەڵام لە ڕێککەوتنەکەدا بە تایبەتی باس لە گواستنەوەی پارەی نەختینەیی نەکراوە.
حزبوڵا گرووپێکی نیمچە سەربازییە و لە هەمان کاتدا پارتێکی سیاسییە کە بەشێکی زۆری باشووری لوبنانی کۆنترۆڵ کردووە. ئەمەریکا حزبوڵا بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانێت، بەڵام یەکێتی ئەوروپا باڵی سەربازی حزبوڵای خستوەتە لیستی رەش و پارتە سیاسیەکەی بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نازانێت. باڵی سیاسی حزبوڵای لوبنان نوێنەریشی لە پەرلەمانی لوبنان هەیە.
حکومەتی لوبنان و هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە و نوێنەرانی شاندی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان و حیزبوڵای لوبنان تا ئێستا وەڵامی ئەو هەواڵانەیان نەداوەتەوە. بەڵام بێهنام خوسرەوی دیپلۆماتکار لە باڵیۆزخانەی ئێران لە لوبنان لەم دواییانەدا بە میدیای دەوڵەتی ئێرانی ڕاگەیاند کە تاران فڕۆکەی نەفەرهەڵگر بۆ گواستنەوەی پارە بۆ لوبنان بەکارناهێنێت.
ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ نووسیوێتی دەسەڵاتدارانی تورکیا هەروەها جەختیان لەوە کردووەتەوە کە هەر جۆرە گواستنەوەیەکی پارەی بەرچاو لە فڕۆکەخانەی ئەستەنبوڵ بە ئامێری تیشکی ئێکس و ڕێوشوێنی ئەمنی دیکە دەستنیشان دەکرێت و تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی لەو شێوەیە بەدی نەکراوە.
کاریگەرییەکانی گواستنەوەی پارە
گواستنەوەی پارەی نەختینەیی لە ئێرانەوە بۆ حزبوڵا دەتوانێ گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران و حزبوڵا زیاتر بکات. لە ماوەی دوو مانگ شەڕی توندی هاوینی ڕابردوودا، ئیسرائیل زۆرێک لە سەرکردە باڵاکانی حزبوڵای کردە ئامانج و سەدان ئەندامی حزبوڵای کوشت یان بریندارکرد و بەشێکی زۆری جبەخانەی مووشەکی گروپەکەی لەناوبرد.
ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە ڕێگە نادات حزبوڵای لوبنان بەهێز بکرێتەوە و تەنانەت هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە فڕۆکەخانەی بەیروت دەکاتە ئامانج لە ئەگەری بە قاچاخکردنی هاوکارییە داراییەکان بۆ ئەو گرووپە.
هەرچەندە شەڕی نێوان هەردوولا وەستاوە و ماوەی دوو مانگە ئاگربەست لە ئارادایە، بەڵام ئیسرائیل بەردەوام بووە لە ئەنجامدانی سەدان هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەکانی حزبوڵا.
بۆ نموونە ڕۆژی سێشەممە سوپای ئیسرائیل دوو هێرشی کردە سەر ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە گوایە کەرەستەی سەربازییان دەگواستەوە. لوبنان ئەم هێرشانەی بە پێشێلکردنی ئاگربەست ناوبردووە.
دۆخی دارایی حزبوڵای لوبنان
دوای کۆتاییهاتنی شەڕەکە، حزبوڵا پێویستییەکی زۆری بە پارەی نەختینە هەیە، ئەمەش بەو پێیەی زۆرێک لە ئەندامانی حزبوڵا کوژراون یان برینداربوون و ناوچەکانی نفوزی لە باشووری لوبنان و گەڕەکی باشووری بەیروت زیانی زۆریان بەرکەوتووە و ئەو پارەیەشی بۆ هێزەکانی و پاڵپشتیکردنی کەسوکاری کوژراوان و قەرەبووکردنەوەی موڵک و ماڵی زیانلێکەوتووان و دابینکردنی بودجە بۆ بەرنامە کۆمەڵایەتییەکانی بەکاردەهێنێت.
ئیسرائیل هەوڵی بڕینی ڕێڕەوی دارایی حزبوڵا دەدات. ساڵی ڕابردوو ئیسرائیل چەند بەرپرسێکی سەرەکی حزبوڵا و ئێرانی تیرۆر کرد کە بەرپرسیار بوون لە گواستنەوەی پارە بۆ ئەو گروپە.
هەروەها لە کاتی شەڕەکانی ساڵی ڕابردوودا، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل چەند شوێنێکی هەڵگرتنی پارە و زێڕی سەر بە حزبوڵای کردە ئامانج. لەنێویاندا لقەکانی بانکی قەرزولحەسەن کە بە ناوەندی دارایی حزبوڵا ناسراوە و لەژێر سزاکانی ئەمەریکادایە.
ئایا حزبوڵا ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەتەوە؟
لە کاتێکدا ئێران لەگەڵ قەیرانێکی ئابووری کە بەهۆی سزاکانەوە دروست بووە، ڕووبەڕوویە، بەڵام هێشتا حزبوڵای لوبنان وەک هاوپەیمانێکی ستراتیژی و هێزێک لە دژی ئیسرائیل دەبینێت و ڕێگە نادات ئەو گرووپە لاواز بێت.
هەندێک ئاماژە بەوە دەکەن کە حزبوڵا لە دابینکردنی خەرجییەکانیدا کێشەی هەیە. بەرپرسێکی لوبنانی کە کاردەکات بۆ یارمەتیدانی ئاوارەکانی باشووری لوبنان، ڕایگەیاندوە شارەزایانی حزبوڵا لەو ناوچەیە ئامادەبوون بەڵام تێچووی ئاوەدانکردنەوەی شوێنەکانیان بە کەم سەیرکردووە.
بەڵام ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ڕەوشی دارایی حزبوڵای لوبنان ڕایگەیاندووە، ئەو گرووپە ڕووبەڕووی قەیرانی نەختینەیی نییە و بەردەوامە لە پێدانی قەرەبووی قورس بۆ موڵک و ماڵی لەناوچوو. ئاماژە بەوەش دەکات کە ساڵانە لە نێوان 12 بۆ 14 هەزار دۆلار بۆ کرێ لەگەڵ پارەی زیادە بۆ کەلوپەلی ناوماڵ خەرج دەکات.
بە وتەی ئەو کەسە لەوەتەی ئاگربەست لە کۆتاییەکانی مانگی یازدە دامەزراوە، بانکی قەرزولحەسەن 28 لقی نوێی کردۆتەوە و ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو گرووپە کێشەی نەختینەیی نییە، هەرچەندە وێرانکارییەکی بەرفراوان لە لوبنان و سنووردارکردنی ڕێگاکانی پشتیوانی بۆ ئەو گرووپە لە ڕێگەی سوریا و زیادبوونی چاودێریکردنەکانی فڕۆکەخانەی بەیروت دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی توانای حزبوڵا بۆ دابینکردنی تێچووی بەهێزکردنەوەی.
گۆڕینی کەناڵەکانی پارەدارکردنی حزبوڵا
پێشتر ڕێگای سەرەکی ئێران بۆ گواستنەوەی پارە و چەک بۆ حزبوڵا لە ڕێگەی سوریاوە بوو. بەڵام ڕووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد لە ساڵی ڕابردوودا تا ڕادەیەکی زۆر بەری بەم ڕێگایە گرت و ئێستا ڕێگای فڕۆکەخانەی بەیروت بۆ ئێران گرنگتر بووە.
بەرپرسانی لوبنان دەڵێن بەپێی ڕێککەوتنی ئاگربەست فڕۆکەخانەکە لەژێر کۆنترۆڵی سوپای لوبناندایە بۆ ئەوەی ڕێگری لە هاتنە ناوەوەی چەک و پارە بۆ حزبوڵا بکات. بەڵام بەرپرسێکی باڵای ئاسایشی لوبنان هۆشداری داوە لەوەی کەرەستەی بە نرخی وەک زێڕ و ئەڵماس لەوانەیە لە دەستنیشانکردن ڕزگاریان بێت و بگوازرێنەوە.
هەروەها ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ بە پشتبەستن بە هەندێک بەرپرسی ئەمەریکایی کە بەم دواییە لە کارەکانیان دەستیان کێشاوەتەوە، ڕایگەیاندووە کە حزبوڵا هێندە کاریگەری لە نێو هێزە ئاسایشییەکانی لوبناندا هەیە کە بتوانێت نێردراوانی ئێران لە پشکنینی قورس لە فڕۆکەخانەی بەیروت بێبەری بکات.
سەرچاوە/ڕادیۆ فەردا