بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەوانی فیدراڵی ئەمەریکا دەڵێت شەوی چوارشەممە بە کاتی خۆجێی لەو کاتەی فڕۆکەیەکی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی PSA هەوڵی نیشتنەوەی دابوو لە فڕۆکەخانەی ڕێگن لە نزیک واشنتنی پایتەخت، لەگەڵ هەلیکۆپتەرێکی جۆری بلاک هۆک Sikorsky H-60 لەیەکیانداوە و کەوتوونەتە ناو ئاوی ڕووباری پۆتۆمکەوە Potomac.
فڕۆکەکە لە گەشتی ژمارە 5342 بوو و لە شاری ویچیتای ویلایەتی کەنساس هەستابوو بەرەوە واشنتنی پایتەخت و 60 سەرنشینی هەڵگرتبوو لەگەڵ 4 کەسی تیمی فڕۆکەکە.
تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و دەیان ئەنبوڵانس لە چاوەڕوانی گواستنەوەی قوربانییەکانن. پێشبنی دەکرێت ژمارەی قوربانییەکان زۆربن، بەو پێیەی ئاوی ڕووبارەکەش زۆر ساردە و لایەکی بەستوویەتی.
هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ژمارەی قوربانییەکان نازانرێت.
سەرۆک دانۆڵد ترامپ ڕاگەیاندنێکی لە بارەی ڕووداوەکە بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی، "بە تەواوی لەو ڕووداوە ترسناکە ئاگادارکراوەتەوە کە لە فڕۆکەخانەی نیشتمانی ڕێگن ڕوویداوە. خوای گەورە ڕۆحیان شادبکات."
هەروەها سوپاسی تیمەکانی فریاکەوتنی کرد و وتیشی چاودێری دۆخەکە دەکات و پاشان وردەکاری زیاتر لە بارەیەوە دەدات.
سیناتۆر تێد کروز لەسەر پێگەکەی لە ئێکس دەڵێت لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکات لە فڕۆکەخانەی ڕێگن DCA ، هەرچەندە بە تەواوی نازانرێت ژمارەی قوربانییەکان چەندە، بەڵام دەزانین گیان لەدەستدان هەیە.
لە پاش ڕووداوەکە فڕۆکەخانەکە ڕایگەیاند، هەموو گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەکە ڕاگرت و تیمەکانی فریاکەوتن سەرقاڵی ڕووداوێکی فڕۆکەن. دواتر لە وردەکارییەکان ئاگاداردەکرێنەوە.
ڤیدیۆی کامێرایەکی چاودێری ساتی پێکدادنەکە پیشان دەدات.
کاربەدەستێکی لەشکری ڕایگەیاند 3 سەرباز لە ناو هەلیکۆپتەرەکەدا بوون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز