Accessibility links

زانایانی بەریتانی: بەمزوانە دەتوانرێت تۆو و هێلکەی مرۆڤ لە تاقیگەکاندا دروستبکرێت


دروستکردنی تۆو (سپێرم) و هێلکەی مرۆڤ لە تاقیگەکان و بە پشتبەستن بە خانەکان تەنها یارمەتی نەخۆشییەکانی وەکو نەزۆکی نادات، بەڵکو دەرگاش لەبەردەم چەند ئەگەرێکی ئالۆز دەکاتەوە وەک توانای وەچەخستنەوە لە نێوان زیاتر لە دوو کەس.

دەسەڵاتی پیتاندنی مرۆڤی و کۆرپەلەناسی لە بەریتانیا دەڵێت بەهۆی ئەو پێشکەوتنە زۆرەی لە بواری خانە و تەکنەلۆجیای پزیشکی بەدیهاتووە، ئەگەری هەیە لە نێوان 2 بۆ 10 ساڵی تر بتوانرێت لە تاقیگەکان پرۆسەی دروستکردنی تۆو و هێلکەی مرۆڤ بە ڕێگەی IVG دەستەبەربێت.

ڕێگەی IVG پێکهاتووە لە دروستکردنی خانەی تۆو و هێلکە لە تاقیگەکان بە پشتبەستن بە خانە بنەڕەتییەکان و ئەو خانانەی پێست کە جیناتەکانیان دووبارە بەرنامەڕێژکراوەتەوە.

دەسەڵاتی پیتاندنی مرۆڤی و کۆرپەلەناسی لە بەریتانیا ڕۆژی 22 یەکی 2025 ڕایگەیاند، "بە تێپەڕبوونی کات، زانیاری زیاتر بەردەستدەبێت بەهۆی پشکنین لە ڕێگەی ژیری دەستکردەوە، هەروەها پشکنینی بۆماوەیی کەسی باوتر دەبێت...ئێستا لێکۆڵینەوە لەسەر مۆدێلی ئاوڵەمە و گامێتە وەرگیراوەکانی IVG بە خێرایی دەڕوات."

دەزگا بەریتانییەکە داوا لە حکومەتی وڵاتەکەی دەکات یاسا و ڕێساکان ڕوونتر بکاتەوە سەبارەت بە مەودای بەکارهێنانی ئەم پێشکەوتنە پزیشکییە، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی دەرگا دەکاتەوە بەڕووی چەند ئەگەرێکی مشتومڕئامێزی وەک وەچەخستنەوە لە ئەنجامی وەرگرتنی خانەی تەنها یەک کەس یاخود زیاتر لە دوو کەس.

دەڵێت، "ئەم پێشکەوتنە زانستییە دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی منداڵێک بخرێتەوە کە لە ڕووی بۆماوەییەوە پەیوەندی بە چوار دایبابەوە هەبێت...هەروەها پێویستە سنووردارکردن هەبێت بۆ ئەوەی تێکەڵکردنی جیناتی نزیک لەیەکتر ڕوونەدات."

سەرەڕای نیگەرانییەکان، دەزگاکە دەڵێت دەستگەیشتنی مرۆڤ بەو زانستە دەرفەتی زۆر دەخاتە بەردەم ئەو کەسانەی کێشەی وەچەخستنەوەیان هەیە.

دەشڵێت، "ئەگەر زانستەکە سەرکەوتوو بێت، نەخۆشە بەساڵاچووەکان دەتوانن سوود لە تەکنەلۆژیاکانی IVG وەربگرن، ئەویش بە ڕێگەی درێژکردنەوەی ئەو ماوەیەی کە ژن دەتوانێت وەچە بخاتەوە. هەروەها کەمتر پێویستدەکات نەخۆشەکان پەنا ببەن بۆ بەستنی هێلکە یان بەکارهێنانی هێلکەی کەسانی بەخشەر. سەرەڕای ئەوەش، دەتوانرێت IVG لەلایەن هاوسەرە هاوڕەگەزخوازەکان و ئەو نەخۆشانەی کە تووشی نەزۆکی پێشوەختە بوون بەکاربهێنرێت."

پێشتر پرۆسەی دروستکردنی هێلکە لە تاقیگە بە سەرکەوتوویی لە مشکدا ئەنجامدراوە. ساڵی 2023 بۆ یەکەم جار لە میژوودا زانایان توانیان خانەی دوو مشکی نێریەن بەکاربهێنن بۆ ئەوەی بە سەرکەوتوویی بێچووە مشکێکی تەندروستی لێ دروستبکەن.

XS
SM
MD
LG