لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزە ئاسایشییەکانی ژێر دەسەڵاتی نوێ لە سوریا هەڵمەتێکی بەرفراوانیان لە چەند شارێکی وڵاتەکە دەستپێکردووە کە بووەتە جێگای نیگەرانی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ.
لە ڕۆژئاوای پارێزگای حومس و بەشێکی پارێزگای لازقیە، هێزە چەکدارەکان دەستیان بەسەر چەند گوند و شارۆچکەیەکدا گرتووە. لە ئەنجامدا سەدان کەس دەستگیر کران. هێزە ئاسایشییەکان دەڵێن، ئەو کەسانە لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا ڕۆڵێکی گەورەیان لە ئەشکەنجەدان و کوشتنی هاووڵاتیانی سووریادا هەبووە.
بەڵام چالاکوانان و شارەزایانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن، بەستنەوەی ئەمانە بە ڕژێمی ئەسەدەوە وەک بیانوویەک بەکاردەهێنرێت بۆ ئەنجامدانی تۆڵەسەندنەوە لە دژی دانیشتوە عەلەوییەکانی ئەو ناوچانەی ڕۆژئاوای سوریا.
ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ئەلحوڕەی ئەمەریکایی ڕایگەیاند، بەپێی زانیارییەکانیان، "لە دوایین هەڵمەتدا لانیکەم 35 کەس بە بەرچاوی خەڵکەوە و لە شوێنی گشتیدا کوژراون."
عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەشکرد، وێنە و ڤیدیۆی پشتڕاستکراوەی لەبەردەستدایە کە نیشان دەدەن چۆن بەشێک لە قوربانییەکان لەسەر زەوی کەوتوون.
دەنگی ئەمەریکا ناتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەم تۆمەتە پشتڕاست بکاتەوە، بەڵام زۆرێک لە چالاکانی دیکەی مافەکانی مرۆڤ هەمان زانیاریان لە سایتەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کردووەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی نوێی سوریا ڕایگەیاندووە، تۆڵەسەندنەوە ئامانجی ئەو نییە، بەڵکو هەندێک کردەوەی تاکەکەسی ئەنجامدەدرێت کە لەدەرەوەی کۆنترۆڵی ئەواندایە. دەشڵێت ئامانجیان لەم هەڵمەتانەدا بە فەرمی دادگاییکردنی ئەو کەسانەیە کە بەرپرسیارن لە کۆمەڵکوژییەکانی سەردەمی ڕژێمی بەشار ئەسەد.
بەسام ئەحمەد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی سوریاییەکان بۆ ڕاستی و دادپەروەری (STJ)، ڕایگەیاند، بەردەوامی ئەم کردەوانەی تۆڵەسەندنەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر پرۆسەی دادپەروەری قۆناغی گواستنەوە هەیە.
گوتیشی "لەم قۆناغەدا ڕۆڵی دادپەروەری کاتیی ئەوەیە کە دڵنیابێت لەوەی کارەکانی ڕابردوو دووبارە نەبنەوە. خاڵێکی گرنگە بە ئاشکرا باس لە ڕابردوو بکەین بۆ ئەوەی ئەو کردەوە و هەڵانە دووبارە نەبنەوە."
بەڵام گوتیشی " بەداخەوە بەشێک لەو ڕووداوانەی ئێستا لە حومس و لازقییە ڕوودەدەن، دووبارەبوونەوەی کردەوەکانی ڕژێمی کۆنە".
ئەحمەد بەدەنگی ئەمەریکای ڕاشگەیاند لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین "کاری نایاسایی" لەو ناوچانە ئەنجامدراون، کە ڕێگرن بۆ ئەوەی دەسەڵاتداران ڕاستی خۆیان بڵێن.
گوتیشی " ئەگەر ئەوان لە دڵەوە ڕاستگۆ بن، پێویستە دەستبەجێ ڕێگری لەم کارانە بکەن. پێویستە لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە بکرێتەوە بۆ ئەو ڕووداوانەی کە ڕوویانداوە. دەبێت دادپەروەری لە سوریای نوێدا زاڵ بێت تا جارێکی تر خولێکی تری توندوتیژی نەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکە."