Accessibility links

مەزڵوم عەبدی: ڕزگارکردنی کۆبانی وەرچەرخانێکی ستراتیژی و سیمبولی ئازادی و یەکڕیزی بوو


دوای 10 ساڵ لە ڕزگارکردنی شاری کۆبانێ لە دەستی چەکدارانی داعش، شارەکە وەک هێمای خۆڕاگری ماوەتەوە.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بە بۆنەی دەیەمین ساڵڕۆژی ڕزگارکردنی کۆبانی نوسیویەتی" لە ساڵیادی ڕزگارکردنی کۆبانێ لە دەستی چەکدارانی داعش یادی ئەو سەرکەوتنە گەورەیە دەکەینەوە کە بە قوربانیدانی قارەمانەکان و پاڵەوانان بەدەست هات و بوو بە گڕی هیوا و ئومید بۆ هەموو خەڵکی سوریا'.

فەرماندەکەی هەسەدە دەشنوسێت" ڕزگارکردنی کۆبانێ تەنیا سەرکەوتنێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو وەرچەرخانێکی ستراتیژی و سیمبولی ئازادی و کەرامەت و یەکڕیزی بوو.

عەبدی لە پەیامەکەیدا دەشڵێت "ئێمە بەردەوام دەبین لە شەڕی دژی تیرۆر، بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانی جیهانی و لە هەوڵدان بۆ بنیاتنانی سوریایەکی ئارام و سەقامگیر.

عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو ڕێگایەی سەرکەوتن کە لە کۆبانی وە دەستمان پێکرد، بەرەو ئایندەیەکی باشتر بۆ گەلەکەمان بەردەوام دەبین".

لە کاتێکدا دانیشتوانی کۆبانێ و گوندەکانی دەوروبەری هیوادارن ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد ببێتە مایەی ئارامی و سەقامگیری لە سوریا، بەڵام هەڕەشەکانی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بۆ سەر ناوچەکە نیگەرانیان دەکات و ترسیان هەیە لەوەی جارێکی تر دەربەدەر ببنەوە وەک ئەو کاتەی کە داعش هێرشی کردە سەریان.

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە، لەگەڵ کۆبانێ بوەستن و سه‌ركۆنه‌ی دەستدرێژییەکانی تورکیا بکەن، جەختیان لەسەر پێویستی هەنگاوی خێرا بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل و پاراستنی ئەزموونی دیموکراسی لە ڕۆژاڤا کردەوە.

XS
SM
MD
LG