ڕێکخراو و چالاکوانان ڕۆژی دووشەممە هۆشدارییان داوە، دوو پیاوی ئێرانی کە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵک تاوانبار کراون، دوای گواستنەوەیان بۆ زیندانێکی جیاواز، مەترسی لە سێدارەدانیان لە سەرە.
ئەنجومەنی نیشتمانی خۆڕاگری ئێران (NCRI) کە باڵی سیاسی موجاهدینی خەڵکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ڕۆژی دووشەممە، بێهروز ئیحسانی تەمەن 69 ساڵ و مێهدی حەسەنی تەمەن 48 ساڵ کە باوکی سێ منداڵە، بەبێ ئاگاداری پێشوەختە لە زیندانی ئێڤینی تارانەوە بۆ زیندانی قزلحەسار لە شاری کەرەج لە دەرەوەی پایتەخت گوازراونەتەوە.
زیندانییەکان لەم دواییانەدا بە دەگمەن لە ناو ئێڤین لە سێدارە دراون، بەڵام زیندانی قزلحەسار لەم ساڵانەی دواییدا وەک شوێنی لەسێدارەدان ناوبانگی دەرکردووە.
ئەو دوو کەسە لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوودا، بە تۆمەتەکانی "یاخیبوون" و " بڵاوکردنەوەی گەندەڵی لەسەر زەوی" بەهۆی ئەندامبوونیان لە نێو ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵک تاوانبار کراون و حوکمەکەیان لەمانگی یەکدا پشتڕاست کرایەوە.
گرووپەکانی مافەکانی مرۆڤ تیشکیان خستۆتە سەر ئەو دۆسێیە و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە نەرویژە ڕایگەیاندووە کە دوای گواستنەوەکە مەترسی لەسێدارەدانی "نزیک"یان لەسەرە و داوای "کاردانەوەی بەپەلەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕزگارکردنی ژیانیان" کردووە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە کە لە زینداندا "ئەشکەنجە دراون و مامەڵەی خراپی دیکە"یان لەگەڵدا کراوە و دادگاییکردنیان لەلایەن دادگای شۆڕش لە تاران "بە شێوەیەکی زۆر نادادپەروەرانە" بووە.
ڕێکخراوەکە ڕۆژی دووشەممە گوتیشی بەپەلە گواستنەوەی زیندانەکان ئەو ترسە زیاد دەات کە "لە هەر کاتێکدا لەسێدارەدانیان جێبەجێ بکرێت".
گروپەکانی داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ نیگەرانیشیان لەمەڕ بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران دەربڕیوە کە دەڵێن ئامانجی چاندنی ترسە لە سەرانسەری کۆمەڵگەکاندا. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە لانیکەم 901 کەس لە ساڵی 2024 و لانیکەم 73 کەس لە ساڵی 2025 لە سێدارە دراون.
موجاهدینی خەڵک، کە لایەنگری شۆڕشی ساڵی 1979ی ئێران بوو کە شای ئتێدا ڕووخا، بەڵام هەر زوو لەگەڵ ئایەتوڵا خومەینی کەوتە ناکۆکییەوە و لە لەسێدارەدانی بە کۆمەڵی ساڵی 1988دا هەزاران ئەندامی لەسێدارە دران.
نیگەرانییەکان لە ئەگەری لەسێدارەدانی دوو ئەندامەی گرووپەکە لە کاتێکدایە کە دوو دادوەری باڵای ئێران لە 18ی مانگی یەک لەلایەن هێرشبەرێکی کە بە گوێرەی ماڵپەڕی میزانی سەر بە دەزگای دادوەری ئێران، پاشان خۆی کوشتووە، لە تاران تەقەیان لێکراو و کوژران.
ئەنجومەنی نیشتمانی خۆڕاگری ئێران (NCRI) کە باڵی سیاسی موجاهدینی خەڵکە هەردوو پیاوەکەی تۆمەتبار کردبوو بەوەی دەستیان هەبووە لە کوشتنی بەکۆمەڵی زیندانیان لە ساڵی 1988. بەڵام ئەو گروپە دانی بەوەدا نەناوە کە ئەو دەستی هەبووە لە کوشتنی دادوەرەکان.
هاوکات شەش پیاوی تر بە تۆمەتی ئەندامێتی لە گرووپی موجاهدینی خەڵکیش لە ترسی لەسێدارەداندان پاش ئەوەی لە مانگی 11 لە دادگاییکردنی سەرەتاییدا سزای مەرگیان بۆ بڕاوەتەوە.
سەرچاوە: فرانس پرێس، ڕادیۆ فەردا