Accessibility links

جیابوونەوەی دایک و باوک مەترسی توشبوون بە جەڵتەی مێشک زیاتر دەکات لەسەر ئەوانەی بەتەمەنترن


توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات کە ئەو کەسانەی بە تەمەنترن و دایک و باوکییان جیابوونەتەوە ڕەنگە مەترسی توشبوون بە جەڵتەی مێشک لەسەرییان زیاتر بێت بە بەراورد لەگەڵ ئەو کەسانەدا کە هەمان تەمەنییان هەیە و دایک و باوکییان جیا نەبوونەتەوە.

نوسەری سەرەکی توێژینەوەکە ماری کەیت شیڵکی دەروونناس و وانەبێژ لە بەشی دەروونناسی لە زانکۆی تایندەیڵی تۆرۆنتۆ دەڵێت " توێژینەوەکەمان دەریدەخات تەنانەت دوای لەبەرچاوگرتنی زۆربەی هۆکارەکانی مەترسی توشبوون بە جەڵتەی مێشک لەوانە جگەرەکێشان و چالاکی جەستەیی و داهاتی کەم و شەکرە و خەمۆکی و کەمی پاڵپشتی کۆمەڵایەتی، ئەو کەسانەی دایک و باوکییان جیابوونەتەوە هێشتا 61٪ ئەگەری تووشبوونییان بە جەڵتەی مێشک زیاترە."

توێژینەوەکە دەریدەخات کە لە ئەمەریکا لە سەدا 41 ی یەکەمین هاوسەرگیرییەکان و لە سەدا 60 ی دووەمین هاوسەرگیرییەکان و لە سەدا 73 ی سێیەمین هاوسەرگیرییەکان بە جیابوونەوە کۆتاییان دێت.

بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەزموونی نەخوازراوی منداڵیی کاریگەری لەسەر تەندروستی دەروون و جەستە هەیە. ئەو ئەزموونانەی کە ڕەنگە ڕووبەڕووی منداڵ ببنەوە، لەوانە گێچەڵی سێکسی و ئازاردانی جەستەیی و ئازادردانی هەست و پشتگوێ خستن و خراپی خێزان، دەکرێت لە قۆناغەکانی دواتری ژیانی منداڵەکەدا کاریگەرییان لەسەر تەندروستی دەروون و جەستەی هەبێت.

زیاتر لە سەدا 60 ی بە کەسانی پێگەیشتوو لە ئەمەریکا ڕووبەڕووی لانیکەم یەک ئەزموونی نەخوازراویی منداڵی بوونەتەوە، لە سەدا 16 ی پێگەیشتووان ڕووبەڕووی چوار شێوەی ئەزموونی نەخوازراویی منداڵی یان زیاتر بوونەتەوە. لانیکەم لە سەدا پێنجی 10 هۆکارە سەرەکییەکەی مردن پەیوەندییان بەم ئەزموونانەوە هەیە.

بۆ تاقیکردنەوەی پەیوەندی نێوان جیابوونەوە و جەڵتەی مێشک، توێژەرەوان داتای زیاتر لە 13,000 کەسانی بە تەمەنترییان بەکارهێنا. بەشداربوون تەمەنییان 65 و زیاتر بوو، لە سەدا 57 کەسییان ژن بوون، لە سەدا 79 کەسیان سپی پێست بوون و لە سەدا 9 ڕەشپێست بوون و لە سەدا 12 هیسپانی یاخود ڕەگەزی دیکە بوون.

نوسەری باڵای توێژینەوەکە ئیسمی فوڵەر تۆمسنی پڕۆفیسۆر لە کاری کۆمەڵایەتی و بەڕێوبەری ناوەندی ئاڕاستەی ژیان و پیری لە زانکۆی تۆرۆنتۆ، وتی توێژەرەوان ئەو بەشداربووانەیان دەرهێنا کە لە قۆناغێکی دیکەی ژیانییاندا ڕووبەڕووی گێچەڵی سێکسی یاخود ئازاردانی جەستەیی بوونەتەوە.

وتی " توێژینەوەکەمان دەیویست پەیوەندی نێوان جیابوونەوەی دایک و باوک و جەڵتەی مێشک ڕوون بکاتەوە، لە ڕێی دوورکەوتنەوەوە لە هەر ئەگەرێک کە تێکەڵ ببێت لەگەڵ ئەزموونی خراپی کەسەکەدا بە منداڵی."

لە کۆی بەشداربووەکان، لە سەدا 7.3 توشی جەڵتەی مێشک بوون و لە سەدا 13.9 کەسییان پێش ئەوەی تەمەنییان بگاتە 18 ساڵ دایک و باوکییان جیابوونەتەوە.

فوڵەر وتی " توێژەرەوەکان دڵگران بوون بەڵام توشی سەرسوڕمان نەبوون " لەوەی کە جیابوونەوەی دایک و باوک پەیوەندی بە زیادبوونی مەترسییەکانی توشبوون بە جەڵتەی مێشکەوە هەیە.

وتی " بەڵام توشی سەرسوڕمان بووین بەوەی کە پەیوەندی نێوان جیابوونەوەی دایک و باوک و جەڵتەی مێشک هاوشێوەی دوو هۆکاری دیکەن بۆ توشبوون بە جەڵتەی مێشک: شەکرە و ڕەگەزی نێر."

فیلیپ بایدینی هاونوسەری توێژینەوەکە وتی " بۆمان دەرکەوت کە تەنانەت کاتێک کەسەکە ڕووبەڕووی ئازاردانی جەستەیی و گێچەڵی سێکسیش نەبووەتەوە لە منداڵیدا و لانیکەم کەسێکی پێگەیشتوو هەبووە لە ماڵەکەدا کە وایکردووە هەست بە پارێزراویی بکات، هێشتا ئەگەری توشبوونییان بە جەڵتەی مێشک زیاتر بووە ئەگەر دایک و باوکییان جیابووبێتنەوە."

توێژینەوەکە بۆ ئەوە نەبووە بزاندرێت بۆچی ئەو منداڵانەی کە دایک و باوکییان جیابوونەتەوە کاتێک گەورە دەبن مەترسی توشبوونییان بە جەڵتەی مێشک زیاترە، بەڵام توێژەرەوەکان پێیان وایە هۆکارەکە ڕەنگە بایۆلۆجی و کۆمەڵایەتیش بێت.

فوڵەر وتی " لە ڕووی بایۆلۆجییەوە، جیابوونەوەی دایک و باوک لە منداڵیدا ڕەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی بەرچاویی هۆڕمۆنەکانی فشار. ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمە بە منداڵی دەکرێت کاریگەرییەکی هەمیشەیی لەسەر گەشەی مێشک و توانای منداڵەکە دروست بکات بۆ وەڵامدانەوەی فشار."

لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە، جیابوونەوە بۆ نەوەکانی کۆن زۆر کەمتر باو بووە و زیاتر لەکەدارکەر بووە. نووسەرانی توێژینەوەکە نووسیویانە لەبەر ئەم هۆکارانە ئاستی ناکۆکی دایک و باوک کە دەبێتە هۆی جیابوونەوە لەوانەیە بەرزتر بێت و بەم شێوەیە ئەزموونەکە ئازاربەخشتر دەبێت.

سەرچاوە/ماڵپەڕی تەندروستی ڕۆژانە

XS
SM
MD
LG