دانۆلد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە 23ی مانگی یەک بەشێوەی ئانڵاین بەشداری لە لوتکەی ئابووری داڤۆس کرد و ڕایگەیاند بەزوویی ئەمەریکا دەبێتە وڵاتێکی بەهێزتر و دەوڵەمەندتر و یەکگرتووتر لە جاران.
سەرۆکی ئەمەریکا قسەی بۆ سەرکردە سیاسی و بازرگانییەکانی جیهان کرد و ڕایگەیاند "ئەمەریکا زۆرترین نەوت و گازی سروشتی لە هەموو وڵاتێکی دیکەی جیهان هەیە و حکومەتەکەی دەیەوێت سوودی لێ وەربگرێت."
لە درێژەدا قسەکانی ڕوو لە بەرهەمهێنەران و کۆمپانیا جیهانییەکان ڕایگەیاند، ئەگەر بەرهەمەکانیان لە ئەمەریکا بەرهەم نەهێنن، ئەوا دەبێت پارەی گومرگ بدەن.
سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها داوای لە محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە کرد یەک ترلیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمەریکا بکات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترامپ داوای لە سعودیە و وڵاتانی دیکەی بەرهەمهێنەری نەوت کرد نرخی نەوت دابەزێنن، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئەمە بەدیبهێنرێت، ئەوا شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دەستبەجێ کۆتایی دێت.
سەبارەت بە هاتنە ناوەوەی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ ئەمەریکا ڕایگەیاند کە جێگیرکردنی هێزی ئەمەریکایی لەسەر سنووری مەکسیک دەستی پێکردووە.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا ترامپ ئاماژەی بەوەدا کە لەمەودوا بە ئازادی دەربڕینی ئەمەریکاییەکان ناوترێت "زانیاری هەڵە" و "زانیاری ناڕاست".
سەرۆکی ئەمەریکا داوای لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ کرد کە لەسەدا پێنجی داهاتی گشتیی نیشتمانی خۆیان بۆ تێچووی ئەو هاوپەیمانییە سەربازییە خەرج بکەن.
سەبارەت بە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە هەوڵەکان بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەست پێدەکەن.
شایانی باسە ڕۆژی چوارشەممە مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند هاوکاتی دەستپێکردنی دووەم خولی چوار ساڵەی دەسەلاتی سەرۆک ترامپ لە کۆشکی سپی، بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان دەبنە ناوەند و بنەمای دیپلۆماسیەتی داهاتووی ئەمەریکا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەدا.
ڕوبیۆ لە بەیاننامەیەکدا کە بە بۆنەوەی دەستپێکردنی کارەکەیەوە بڵاویکردوەتەوە، ڕایگەیاندووە هەموو تێچوویەک و هەوڵێکی ئەمەریکا لە کاروباری دەرەوەدا دەبێت ڕەوایی بداتە وەڵامی ئەم سێ پرسیارە سادەیە و بەم مەبەستانە بێت؛ ئایا ئەمە ئەمەریکا پارێزراوتر دەکات؟ ئایا ئەمەریکا بەهێزتر دەکات؟ ئایا ئەمەریکا ئاوەدانتر دەکات؟"
وتیشی "بۆ پێشخستنی بەرژەوەندی نیشتمانیمان، ئێمە وەزارەتێکی دەرەوەی داهێنەرتر و چالاکتر بنیات دەنێین. ئەمەش پێویستی بە گۆڕینی هەندێک ئەولەویەت و کەمتر جەختکردنەوە لەسەر هەندێک پرس و سڕینەوەی هەندێک چالاکی دیکەیە."
دانۆڵد ترامپ: ئەمەریکا بەم زووانە لە هەموو کاتێک بەهێزتر و دەوڵەمەندتر دەبێت
