Accessibility links

ترامپ بەڕێوەبەری نوێی ئاژانسی میدیا جیهانییەکانی ئەمەریکا دەستنیشان دەکات

وێنەی ئەرشیفی پێشوو -برێنت بۆزێلی سێیەم (لای ڕاست) لەگەڵ سیناتۆر تێد کروز (چەپ)
وێنەی ئەرشیفی پێشوو -برێنت بۆزێلی سێیەم (لای ڕاست) لەگەڵ سیناتۆر تێد کروز (چەپ)

دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە 22ی مانگی یەک ڕایگەیاند برێنت بۆزێلی سێیەم وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری داهاتووی ئاژانسی میدیا جیهانییەکانی ئەمەریکا ( USAGM) کاردەکات.

ترامپ لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'تروث سوشاڵ' نووسیویەتی برێنت بۆزێل دامەزرێنەر و سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی میدیایی بۆ ماوەی 38 ساڵ، یەکێکە لەو کەسە کەمانەی کە تێگەیشتنێکی قووڵی هەیە بۆ میدیای جیهانی.

دانۆڵد ترامپ لە درێژەی پۆستەکەیدا نووسیوێتی "ئەو و بنەماڵەکەی بۆ چەندین نەوە خەباتیان لە پێناو پاراستنی بنەماکانی ئەمەریکا وەک ئازادی، یەکسانی و دادپەروەری کردووە و ئەو دڵنیاییە دەدات لەوەی کە پەیامی خەڵکی ئازادیخواز لە سەرانسەری جیهاندا دەبیسترێت."

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها نووسیوێتی برێنت بۆزێل "گۆڕانکاری زۆر پێویست لە ئاژانسی میدیا جیهانییەکانی ئەمەریکا دەهێنێتە ئاراوە" و لە کۆتاییدا پیرۆزبایی لێکردوە.

ئاژانسی میدیا جیهانییەکانی ئەمەریکا، پێنج دەزگای میدیایی نێودەوڵەتی لەخۆدەگرێت کە بە پارەی حکومەتی ئەمەریکا کاردەکەن. ئەم پێنج دەزگای ڕاگەیاندنە بریتین لە دەنگی ئەمەریکا، ڕادیۆی ئەوروپای ئازاد/ڕادیۆ ئازادی، ڕادیۆی ئازادی ئاسیا، نووسینگەی پەخشی کوبا و تۆڕی پەخشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەم دەزگا میدیایانە هەواڵ بۆ زیاتر لە سەد وڵاتی جیهان و بە 63 زمان پەخش دەکەن.

ئاژانسی میدیا جیهانییەکانی ئەمەریکا بودجەی ساڵانەی 900 ملیۆن دۆلاری هەیە و چوار هەزار کارمەندی هەیە و زیاتر لە 50 نووسینگەی لە سەرانسەری جیهاندا هەیە.

دەنگی ئەمەریکا لقێکی ئاژانسی میدیا جیهانییەکانی ئەمەریکایە. دانۆڵد ترامپ ماوەیەک پێش ئێستا کێری ڵەیک وەک هەڵبژاردەی خۆی بۆ سەرۆکایەتی دەنگی ئەمەریکا دەستنیشان کرد.

ڵەیک پێشتر بۆ چەندین ساڵ وەک بێژەر لە فاکس 10 فۆنیکس لە ئەمەریکا بووە.

ترامپ وتی کێری ڵەیک لەگەڵ سەرۆکی ئاژانسی میدیا جیهانییەکانی ئەمەریکا کاردەکات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ورد و دادپەروەرانە بەهاکانی ئەمەریکا لەوان "ئازادی" لە سەرانسەری جیهاندا بڵاو بکاتەوە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG