Accessibility links

ئەمەریکا لەبەر مەترسی شێرپەنجە داودەرمانێکی ڕەنگی خۆراک قەدەغە دەکات


بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا FDA بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی بەکارهێنانی داودەرمانێک کە بۆ دروستکردنی ڕەنگی سوور لە خۆراکدا بەکاردەهێندرێت و مەترسی هەیە ڕەنگە ببێتە هۆکاری تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە.

داودەرمانەکە بە ڕەنگی سووری ژمارە 3 (Red Dye 3) یاخود ئیریسرۆساین Erythrosine ناسراوە و ڕەنگێکی سوور لە شێوەی ڕەنگی گێلاس دەدات بە خواردنەکان.

زیاتر لە خۆراکەکانی وەکو شیرینی و کێک و ئایس‌کرێم و نوقڵ و خواردنەوە ڕەنگ سوورەکان بەکاردەهێنرێت و زۆر جار تامی شاتوو دەدەن.

بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا دەڵێت تاقیکردنەوەکان سەلماندویانە کە پێدانی بڕێکی زۆر لەو مادەیە بە جرج بووەتە هۆی توشبوونیان بە شێرپەنجە، بۆیە شیانی هەیە بۆ مرۆڤیش هەمان کاریگەری هەبێت.

بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، دەستبەجێ ماددەکە قەدەغە ناکرێت، بەڵکو مۆڵەت بە کۆمپانیاکانی خۆراک دەدات هەتا 15 ی یەکی ساڵی 2027 ماددەی دیکە بۆ دروستکردنی ئەو ڕەنگە بدۆزنەوە، بەڵام کۆمپانیاکانی دەرمان هەتا 18 ی مانگی یەکی ساڵی 2028 ئەو مۆڵەتەیان هەیە.

دەشڵێت ئەو بازرگانانەی بەرهەمە خۆراکییەکان هاوردەدەکەن لەو وڵاتانەی بەکارهێنانی ئەو ماددەیە ڕێگەپێدراوە، دەبێت پابەندی بڕیارەکەی ئەمەریکا بن بە بەکارنەهێنانی ئەو ڕەنگە لە بەرهەمە هەناردەکراوەکاندا ئەگەر نا ئەوا ڕێگە نادرێت بهێنرێنە ناو ئەمەریکاوە.

بەر لە بڕیارەکەی ئەمەریکا، پێشتر وڵاتانی وەکو ژاپۆن و ئوسترالیا و چەند وڵاتێکی ناو یەکێتی ئەوروپا بەکارهێنانی ئەو ماددەیەیان قەدەغە کردووە یاخود بەکارهێنانیان سنووردار کردووە.

شارەزایانی تەندروستی دەڵێن هەرچەندە هێشتا بەڵگەی یەکلاکەرەوە نییە کە ئەم ماددەیە بۆی هەیە مرۆڤ تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بکات، بەڵام باشترە هەتا بتوانرێت نەخورێت.

ئەم ماددەیە ئەگەر لە خۆراکە ئەمەریکاییەکاندا هەبێت، لەسەریان دەنووسرێت، FD&C Red No. 3 یان FD&C Red 3 یان Red 3 . لەسەر خۆراکەکانی ئەوروپا دەنووسرێت E127

ئەگەر خۆراکێک بە عەرەبی لەسەری نووسرابێت، پـێی دەگوترێت، الصبغة الحمراء رقم 3 یان الأحمر الغذائي رقم 3 یان ملون غذائي أحمر رقم 3 .

خۆراکی ئێرانی بە فارسی لەسەری دەنووسرێت، رنگ خوراکی قرمز شماره ۳ یان قرمز ۳ یان رنگ مصنوعی قرمز ۳

خۆراکی تورکیا بە تورکی لەسەری دەنووسرێت Kırmızı 3 یان Gıda Boyası Kırmızı No. 3 ، بەڵام هەندێ جار ناو ئینگلیزییەکەی دەنووسرێت Erythrosine یان کۆدە ئەوروپاییەکە E127.

سەرچاوە/ بەشێک لە زانیارییەکان لە ماڵپەڕی FDA وەرگیراون.

XS
SM
MD
LG