Accessibility links

فازڵ نەبی: کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق زۆر گەورە بوون و شیکردنەوەیان بۆ یاساکان جیاوازە


لە کاتێکدا چارەنووسی مووچەی مانگی دوازدەی ساڵی 2024 بە نادیاری ماوەتەوە، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بە دووری دەزانێت پرسی دواکەوتنی مووچە بەم زووانە کۆتایی بێت و دەڵێت کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق "زۆر گەورە بوونە."

فازڵ نەبی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت هیچ ساڵێک نابێتە ساڵی بنەبڕکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ و پێی وایە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، "یاسا جێ بەجێ دەکات بەو شێوازەی کە لە عێراق شیکردنەوەی بۆ دەکرێت نەک شیکردنەوەکانی هەرێم."

دکتۆر فازڵ نەبی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە عێراق وەزیری دارایی واتا وەزیر. من بریکاری وەزیر بووم لە عێراق، چەندین بڕیاری سەرۆکوەزیرانم ڕەتکردووەتەوە و جێبەجێم نەکرد؛ بۆیە تەیف سامی ئێستا یاسا جێ بەجێ دەکات و هیچ کێشەیەکی شەخسی لەگەڵ کوردا نیە، بە پێچەوانەوە پەیوەندیمان لەگەڵی زۆر باشە."

وتیشی، "تەیف سامی بەگوێی کەس ناکات و بڕیار و یاسا جێ بەجێ دەکات و دەڵێت من یاسای بودجەم هەیە و جێبەجێی دەکەم، یاسای بودجەش کە دەرچووە لە بەرژەوەندی کوردستان نییە. دەشڵێت بڕیارێکی دادگای فیدراڵی هەیە ئێمە لە عێراق بەو شێوەیە شیکردنەوەی بۆ دەکەین و هەرێمی کوردستانیش بەشێوازێکی تر."

گرفتە بەردەوامەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی وایکرد، دوێنی 20ی مانگی یەکی 2025، جارێکی تر شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم بڕۆن بۆ بەغدا و لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵ کۆببنەوە.

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتوون، دوای کۆبوونەوەکە شەوی ڕابردوو شاندێکی پێنج کەسی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ گەیشتنە شاری هەولێر بۆ بەدواداچوون بۆ تەرازووی پێداچوونەوە و ناوی دووبارە و کەیسی هاوتاکردنی مووچەی خانەنیشینان.

ئەم سەردانەی شاندی هەرێم بۆ بەغدا دوای ئەوە دێت ڕۆژی 11ی مانگی یەکی 2025 ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم بە بەشداری نوێنەرانی هەرێم لە حکومەتی فیدراڵ و بەشێک لە سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجام دا و دواتر وتەبێژی حکومەتی هەرێم ئەگەری کشانەوەی کوردی لە کابینەی محەمەد شیاع سودانی ڕەتنەکردەوە.

لەسەر وەڵامدانەوەی ناوەڕۆکی پەیامەکەی حکومەتی هەرێم لەلایەن بەغداوە، دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.

فازڵ نەبی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ڕاشیگەیاند، "لە 2014ەوە کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا هەیە و هەر لایەکیان هۆکارێکی هەیە بۆ چارەسەرنەکردنی...چونکە هەرلایەکیان شیکردنەوەیەکی دیاریکراوی هەبووە بۆ بڕیارەکان، ناشیەن پێکەوە چارەسەرێکی کۆتایی بکەن و بڵێن ئەوە چارەسەر بوو."

وتیشی، "کێشەی ئەم برادەرانەی ئێمە ئەوەیە لە بەغدا بەدواداچونیان نەکردووە بۆ کێشەکان؛ لەگەڵ ئیدارەی دەوڵەت کاتی خۆی ڕێکەوتنێک هەبوو و چوار خاڵ چەسپا کە لە ماوەی شەش مانگی یەکەم ئەو چوار خاڵە جێ بەجێ بکرێت. بەڵام لەبەر ئەوەی بەدواداچوون نەبوو، ئەوە حکومەت تەواو بوو لەو چوار خاڵە پێنج لەسەدی جێ بەجێ نەکرا. وەفدی هەرێم زۆر بەخێرایی دەڕۆن و هەندێک قسە دەکەن و دەگەڕێنەوە و ناگەنە چارەسەری کۆتایی."

ڕۆژی 5 ی مانگی یانزەی 2024 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیارێکی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق پەسەند کرد. ڕۆژی 26 مانگی یانزەی 2024 خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان نەتوانرا خوێندنەوەی دووەم بۆ یاساکە ئەنجام بدرێت. دواتر لە 13ی مانگی یەک خوێندنەوەی دووەم بۆ یاساکە کرا و بڕیار بوو 19ی مانگی یەکی 2025 دەنگی پێبدرێت، بەڵام جارێکی تر کێشە لەبەردەم تێپەڕاندنی یاساکە دروستکرا و دەنگدان بە یاساکە دواخرا.

هەموارکردنی یاسای بودجە تایبەتە بە ماددەى 12 بڕگەى (ج) سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوتى هەرێم. ئەمەش دوای ئەوەدێت کە حکومەتى فیدڕاڵ ڕەزامەندی نیشان دا بۆ دیاریکردنی خەرجیى دەرهێنانى نەوتى هەرێمی کوردستان بە بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لەکاتێکدایە کە نرخی دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت لە عێراق نزیکەی 6 دۆلارە.

بەشێکی زۆر لە فراکسیۆنە عێراقییەکان دەڵێن 16 دۆلاری نەوتی هەرێم بەرزە و "غەدرە" لە حکومەتی عێراق، بەڵام حکومەتی هەرێم هۆکاری جیاوازی نرخەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ پێکهاتەی شاخاوی ناوچەکانی هەرێم بەراورد بە ناوچەکانی خوارووی عێراق کە دەشتایی و بیابانن.

کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تەنها لەسەر نەوت نیە، بەڵکو لەسەر داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوریەکان و لیستی موچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمیشە.

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی دا کێشەکان زۆر گەورە بوونە و هیچ ساڵێک نابێتە ساڵی بنەبڕکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و عێراق، بەڵام دەتوانرێت بە دەنگدان لەسەر دەستکاری یاسای بودجە لە 75%ی کێشەکان چارەسەر ببێت.

د.فازڵ نەبی، دەشڵێت، "کێشەکان دوو جۆرن: کێشەیەکیان مووچەیە کە بریارێکی دادگای فیدراڵی هەیە دەبێت مووچە بنێرێت. بەڵام بەغدا مەسەلەی مووچەی پەیوەستکردووە بە کۆمەڵێک شت. وەفدی ئێمە چوونە بەغدا بەداخەوە نەیانتوانیوە بگەنە دەرئەنجامێک. بەغدا دەڵێت دەبێت نیوەی داهاتی ناوخۆم ڕادەست بکەیت و نیوەکەش دیاریکراوە بە 80 ملیار دینار، پێدەچێت بەغدا تێبینی لەسەر ئەو بڕە هەبێت...کێشەکانی دیکە هونەرین و لیستی موچە گۆڕانکاری زۆری بەسەردا دێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:30 0:00

XS
SM
MD
LG