Accessibility links

وتەبێژی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان: هەر هاووڵاتیەک بە ڤیزای ساڵی حەج ئەنجام بدات سزای توند دەدرێت


وتەبێژی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەر کەس بانگەشە بۆ ئەنجامدانی حەجی بە دەر لە یاسا بکات سزای توند دەدرێت، دەشڵێت،" بڕوا ناکەم ئەمساڵ کەس جورئەتی ئەوەی هەبێت بە نایاسای بچێتە سعودیە بۆ ئەنجامدانی حەج."

کاروان ستونی، وتەبێژی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هەرکەس بانگەشە بۆ جۆرەکانی گەشتکردن بۆ سعودیە بکات بە مەبەستی ئەنجامدانی حەج بەدەر لەوانەی ناویان هاتووەتەوە، ئەوە دەیاندەینە دادگا و ڕووبەڕووی سزای توند دەبنەوە."

وتیشی،" لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەهەماهەنگی لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عەمرەی عێراقی و وەزارەتی حەج و عەمرەی سعودیە، هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانمان ئاگادار کردەوە بە هیچ شێوەیەک پەنا بۆ ئەو ڕێگا نایاساییانە نەبەن کە بەرەو سعودیە دەچێت، بەڵام بە داخەوە ساڵی پار و پێراریش بەشێک لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەسود وەرگرتن لە ڕێگای بازرگانی و ڤیزای گەشتکردن توانیان خۆیان بگەیەننە سعودیە."

ساڵی 2024 لە هەرێمی کوردستان 4 هەزار و 685 کەس چونە سعودیا و فەریزەی حەجیان ئەنجامدا و بەسەدانی دیکەش بە ڕێگای وەرگرتنی فیزای یەک ساڵی و فیزای گەشتکردن کە لەڕێگای کۆمپانیاکانەوە بۆیان کرابوو، چوونە سعودیە و توانیان حەج بکەن و هۆکارەکەشیان بۆ ئەوە دەگەڕاندەوە لە ڕێگای حکومەتەوە حەجکردن تێچووەکەی زۆر زیاترە بۆیە ئەو ڕێگایەیان گرتە بەر.

بە گوێرەی ئاماری فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عەمرەی هەرێم، 30 حاجی کوردی کوردستان لەساڵی 2024، لە کاتی حەجکردن گیانیان لەدەستدا کە 29 حاجیان بە ڕێگای نایاسای حەجیان کردبوو واتا بە فیزای گەشتکردن و "فیزای ساڵی".

کاروان ستونی، وتەبێژی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان، باسی لەوەشکرد ئەمساڵ ڕێوشوێنەکان توندتر کراون و ڕێگا نادرێت هیچ کەسێک لە دەرەوەی یاسا سەردانی سعودیا بکات بۆ ئەنجامدانی حەج ڕاشیگەیاند،" ڕێوشوێنەکان لەسەر ئەو کۆمپانیانەی کە مۆڵەت پێدراون توندکراون و هەر کەسێک مۆڵەتی پێدرابێت پەنا بۆ ئەم کارە ببات و هاوڵاتیان بگوازنەوە ڕووبەڕووی لێپێچینەوە دەبێتەوە."

وتیشی،" ساڵی پار بەفەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لیژنەیەکی باڵا پێکهات و 39 کۆمپانیا لەسەر ئەو جۆرە حەجە سزادران، بۆیە پێشبینی ناکەین ئەمساڵ خەڵکانێک ئەو جورئەتەیان هەبێت ئەو کارە دووبارە بکەنەوە."

بۆ ئەمساڵی 2025، ژمارەی حاجیانی هەرێمی کوردستان زیادکراوە بۆ 5 هەزار و 120 حاجی، بە تێچووی 7 ملیۆن دینار بە فڕۆکە و 5 ملیۆن و پێنج سەد هەزار دیناریش بەڕێگای وشکانی دیاریکراوە.

حکومەتی سعودییە لە ساڵی 2024، ئامادەکاری کردبوو بۆ یەک ملیۆن و 800 هەزار حاجی، بەڵام زیاتر لە 500 هەزار حاجی بە شێوەی ڤیزای یەک ساڵی و عومرە و قاچاخ چوونە ئەو وڵاتە و قەرەباڵغیەکی زۆریان دروستکرد. بەرپرسانی وەزارەتی کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێم هۆکاری زۆری گیانلەدەستدانی ئەو هاووڵاتیانەی لە ڕێگەی "ڤیزای ساڵی" و کۆمپانیاکانەوە ساڵی پار حەجیان کرد دەگەڕێننەوە بۆ نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست و هێشتنەوەی هاووڵاتیان لە دەرەوەی هۆتێلەکان لە وەرزی گەرمی هاویندا.

لەماوەی ڕابردوودا دکتۆر محەمەد پێنجوێنی، سەرۆکی لیژنەی فەتوای سلێمانی ئەوەی بەدەنگی ئەمەریکا وت،" ئەوانەی بە ناوی عەمرەوە ڕۆشتوون بۆ وڵاتی سعودیە و ناگەڕێنەوە و حەج دەکەن، وەک لایەنە شەرعیەکەی هیچ گرفتێکی نییە و حەجەکەیان قبوڵە، بەڵام هەڵبژاردنی ڕێگاکەیان جوان نیە."

کاروان ستونین وتەبێژی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، سزاکانی ساڵی پاری سەر کۆمپانیاکان بەهۆی بردنی ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان بۆ حەجکردن بەڕێگا جیاوازەکان بە شێکیان دوورخستنەوەیان بوو لە پرۆسەی حەج بۆ ماوەی یەک ساڵ و بۆ ڕاگرتنیان لە پرۆسەی عومەرە بۆ ماوەی شەش مانگ و وەهەندێکیشیان سزادانیان بە دووساڵ و ڕاگرتنیان لە پرۆسەی حەج و ساڵێکیش ڕاگرتن لە پرۆسەی عەمرە، بۆ ئەوەی دووبارە نەبێتەوە.

وتیشی،" پێویست ناکات خەڵکی پەنا ببنە بەر گەشتی نایاسای، حکومەت چاودێری تەواویان دەکات و خواردن و شوێنی مانەوە و تیمی پزیشکیان بۆ دادەنێت کە ئەمانە نەبوو بەدڵنیایەوە حاڵەتی گیان لەدەستدان زۆر دەبێت، بۆیە ڕێوشوێنەکان توندکراون."

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:34 0:00

XS
SM
MD
LG