وەزارەتی ڕێنوێنی ئەخلاقی و ڕێگەگرتن لە خراپەکاری تاڵیبانی ئەفغانستان ڕۆژی دووشەممە بەڵێنیدا یاسایەک جێبەجێ بکات کە بڵاوکردنەوەی وێنەی هەموو زیندەوەران لە میدیاکان قەدەغە بکەن و بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە یاساکە وردە وردە جێبەجێ دەکرێت.
وتەبێژی وەزارەتی کاروباری گشتی و ڕێگەگرتن لە خراپەکاری سەیفول ئیسلام خیبەر بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، "یاساکە لە سەرتاسەری ئەفغانستاندا کارپێدەکرێت و وردە وردە جێبەجێ دەکرێت"، باوەڕ بە خەڵک دەهێنێت کە وێنەی بوونەوەرە زیندووەکان پێچەوانەی یاساکانی ئیسلامین.
دەسەڵاتی دادوەری حکومەتی تاڵیبان لەم دواییانەدا یاسایەکی ڕاگەیاند کە ڕێوشوێنە توندەکانیان بۆ یاساکانی ئیسلامی بە فەرمی کار پێ دەکەن، کە دەسەڵاتداران لە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتیان لە ساڵی 2021ەوە سەپاندویانن.
لە یاساکەدا چەند ڕێوشوێن و ڕێسایەکیان بۆ میدیاکان بە وردی خستووەتە ڕوو، لەوانە قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی وێنەی هەموو زیندەوەران، هەروەها گاڵتە نەکردن بە ئیسلام یان بێ ڕێزی نەکردن، وە پێچەوانەی یاساکانی شەریعەتی ئیسلامی کار نەکەن.
بەڵام هێشتا لایەنەکانی یاسا نوێیەکە بە توندی جێبەجێ نەکراون و بەرپرسانی تاڵیبان بەردەوامن لە بڵاوکردنەوەی وێنەی خەڵک بە بەردەوامی لە سۆشیال میدیا.
تەلەفزیۆن و وێنەی بوونەوەرە زیندووەکان لە سەرانسەری وڵاتدا لە ژێر دەسەڵاتی پێشووی تاڵیبان لە ساڵی 1996 هەتا 2001 قەدەغە کرابوو، بەڵام لە دوای گەڕانەوەیان بۆ دەسەڵات فەرمانێکی هاوشێوە بە شێوەیەکی بەرفراوان جێبەجێ نەکراوە.
سەرچاوە: فرانس پرێس