Accessibility links

مامۆستایەکی زمانی کوردی بە سێ مانگ زیندانیکردنی سزا دەدرێت


سۆسەن حەسەنزادە، چالاکوانی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن دادگای تاوانەکانی ئەو شارەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حکومەت" بە سێ مانگ زیندانیکردن سزا دەدرێت.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە دانیشتنی دادگای حەسەنزادە لە 8ی ئەم مانگەدا بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژ بە حکومەت" و "ئەندامبوون لە گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی کۆماری ئیسلامی" و بەبێ ئامادەبوونی پارێزەرێکی دیاریکراو، بەڕێوەچووە.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەو چالاکوانە مەدەنییە بە سێ مانگ زیندانیکردن سزا دراوە و لە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی وڵات"یش بە بێتاوان دەرچووە.

سۆسەن حەسەنزادە لە مانگی پێنجی ئەمساڵ لە شاری بوکان بە شێوەیەکی توندوتیژانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ ژووری تاکەکەسی زیندانی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە.

ئەو مامۆستایەی زمانی کوردی مانگێک دوای دەستبەسەربوونی بە دانانی بارمتەی 800 میلیۆن تمەنی ئێرانی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

سۆسەن حەسەنزادە لە ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی چالاکییەکانییەوە چەندین جار لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.

چالاکوانانی مەدەنی و مامۆستایانی زمانی کوردی لە شارەکانی کوردستان بە بیانووی جۆراوجۆر بانگهێشتی دامودەزگا ئەمنییەکان دەکرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و لە هەندێک حاڵەتیشدا سزای زیندانیکردنیان بەسەردا دەسەپێندرێت.

XS
SM
MD
LG