بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێک سوپای ئیسرائیل فەرمانی بە دانیشتوانی 22 گوندی دیکەی باشووری لوبنان کردووە، بچنە ناوچەکانی باکووری وڵاتەکە و گوندەکان چۆڵ بکەن.
هەروەها لە بەیاننامەکەدا هۆشداری دراوە بە دانیشتوانی باشووری لوبنان کە نەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە کاتێکدا هێزە سەربازییەکان بەردەوامن لە شەڕی حزبوڵا لەو ناوچەیە.
ئێفیخای ئەدرەعی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کەناڵی ئێکس نووسیویەتی هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە "ئامانجگرتنی پێگەکانی حزبوڵا لە گوندەکانتان یان لە نزیک گوندەکانتان. مەچنە باشوور و هەر کەسێک بچێتە باشوور لەوانەیە ژیانی خۆی بخاتە مەترسییەوە."
ئەدرەعی لە پۆستێکی جیادا، داواکارییەکی پێشووی بۆ کارمەندانی تەندروستی و تیمە پزیشکییەکانی باشووری لوبنان دووپاتکردەوە بۆ ئەوەی خۆیان لە بەکارهێنانی ئەمبولانس بەدوور بگرن و ڕایگەیاند، ئەو ئەمبولانسانە لەلایەن چەکدارانی حزبوڵاوە بەکاردەهێنرێن.
وتیشی "داوا لە تیمە پزیشکییەکان دەکەین کە خۆیان لە پەیوەندیکردن بە ئەندامانی حزبوڵاوە بەدوور بگرن و هاوکاریان نەکەن.
وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە درێژەی نووسینەوەیدا "سوپای ئیسرائیل جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕێوشوێنی پێویست لە بەرامبەر هەر ئۆتۆمبێلێکدا دەگیرێتەبەر کە خەڵکی چەکدار هەڵبگرێت، بەبێ گوێدانە جۆری ئۆتۆمبێلەکەی".