کەناڵی 12ی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە 5ی مانگی دە بڵاویانکردووەتەوە کە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران پێدەچێت لە هێرشێکی سوپای ئیسرائیل لە بەیروت بریندار بووبێت.
کەناڵی 12 نووسیویەتی قائانی کە دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی وەک فەرماندەی سوپای قودس دەستنیشانکرا، "بەرپرسە لە هەموو لقە تیرۆریستییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا".
قائانی شەش ڕۆژ لەمەوبەر و دوای کوژرانی نەسروڵا، بۆ بەشداریکردن لە پرسەی سەرکردەی حزبوڵا، سەفەری بەیروتی کردووە و دواجاریش کە بینراوە دوو ڕۆژ دوای کوژرانی نەسروڵا بووە لە نووسینگەی حزبوڵا لە تاران و هەندێ لە میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانیش باس لەوە دەکەن کە ناوبراو تەنانەت لە وتاری نوێژی هەێنی ڕێبەری ئێراندا ئامادە نەبووە.
کەناڵی 12 باسی لەوە کردووە کە تا ئێستا برینداربوون یان کوژرانی قائانی پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام ئەگەر قائانی لە هێرشەکەی بەیروت بریندار یان کوژرابێت، ئەوا دەبێتە باڵاترین بەرپرسی ئێرانی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە زیانی پێگەیشتبێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە بەرپرسانی ئیسرائیل لە ئێستادا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لەوەی کە بزانن ئایا قائانی لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بەیروت بریندار بووە یان نا.
تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هیچ کاردانەوەیەکیان بەرامبەر بەم بابەتە نەبووە.
به پێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل، پێدەچێت قائانی له شوێنی بۆردومانەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل له باشووری بەیروت بووبێت.
ئامانجی سەرەکی ئەو هێرشانەی ئیسرائیل هاشم سەفیئەدین سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری حزبوڵا و حوسێن ئەلهەزیمە، بەرپرسی هەواڵگری ئەو ڕێکخراوەیە بوون.
قائانی تەمەن 67 ساڵ، لە مانگی یەکی ساڵی 2020 و دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی، کرایە فەرماندەی سوپای قودسی ئێران.