پیاوێکی ڕووسیایی کە مانگی دوو بە تاوانی سوتاندنی قورئان زیندانیکرا، بە تۆمەتی ناپاکی تۆمەتبار کرا و داواکاران دەڵێن گرتە ڤیدیۆی جووڵە سەربازییەکانی ڕووسیای ناردووە بۆ هەواڵگری ئۆکرانیا.
ئۆفیسی داواکاری گشتی ڕووسیا وتی نیکیتا ژوراڤێلی تەمەن 20 ساڵ بە تۆمەتی پێدانی زانیاریی سەربازیی بە هەواڵگری ئۆکرانیا تۆمەتبار کراوە. وتیشی ژوراڤێل گرتە ڤیدیۆی شەمەندەفەرێکی ناردووە بۆ نوێنەرێکی هەواڵگری ئۆکرانیا کە فڕۆکە جەنگییەکانی گواستووەتەوە، و هەروەها زانیاری سەبارەت بە ئوتومبێلێکی پەیوەست بە بنکەیەکی سەربازی ڕووسیاوە داوە بە نوێنەرەکەی هەواڵگری ئۆکرانیا.
وتی ژوراڤێل خۆبەخشانە زانیارییەکانی ناردووە بۆ هەواڵگری ئۆکرانیا.
ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە دەستبەجێ ئەو پارێزەرە بدۆزێتەوە کە نوێنەرایەتی ژوراڤێل دەکات لە دۆسییەی ناپاکییەکەدا.
ژوراڤێل لە مانگی دوودا ڕووبەڕووی سزای 3 ساڵ و نیو زیندانیکردن بووەوە دوای ئەوەی بە یاسای ڕووسیایی دژی سوکایەتیکردن بە باوەڕدارانی ئایینەکان تۆمەتبار کرا، دوای ئەوەی لە شاری ڤۆلگۆگردی ڕووسیا قورئانی پیرۆزی موسوڵمانانی سوتاند.
ساڵی ڕابردوو دۆسییەکەی ژوراڤێل سەرنجی نێودەوڵەتی بە لای خۆیدا ڕاکێشا کاتێک سەرکردەی چیچان ڕامزان کادیرۆڤ ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا ئادەمی کوڕی لە زیندان لە ژوراڤێل دەدات، پێش ئەوەی دادگایی بکرێت.
لێکۆڵەرەوانی ڕووسیایی پێش ئەوە دۆسییەکەیان ڕادەستی چیچان کرد. کۆمیتەی لێکۆڵینەوە کە مامەڵە لەگەڵ تاوانە مەترسیدارەکاندا دەکات، وتی ئەمە لەبەرئەوە بووە کە نامەیەکی زۆرییان لەلایەن دانیشتوانی چیچانی زۆرینە موسوڵمانەوە پێگەیشتووە کە داوا دەکەن وەکو لایەنە برینداربووەکان سەیر بکرێن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
پیاوێکی ڕووسیایی زیندانیکراو بە تاوانی سوتاندنی قورئان بە تۆمەتی ناپاکی تۆمەتبار دەکرێت