بە گوێرەی ڕاگەیاندنێکی سەربازی عێراق، ڕۆژی چوارشەممە، چوار سەربازی عێراقی لە بۆسەیەکی چەکدارانی داعشدا لە نزیک شاری کەرکوک کوژراون. لەو هێرشەدا سێ سەربازیش برینداربوون.
ئەو هێرشە لە گوندێکی نزیک ناحیەی ڕەشاد لە ڕۆژئاوای کەرکوک ڕوویداوە. هەرچەندە عێراق لە ساڵی 2017وە سەرکەوتنی بەسەر گرووپی جیهادی دەوڵەتی ئیسلامیدا ڕاگەیاندووە، بەڵام زۆرجار لەو ناوچەیە پاشماوەکانی داعش هێرشیان ئەنجام داوە.
هەر پاش ڕووداوەکە لیژنەی ئاسایشی کەرکوک کۆبونەوەیەکی بە پەلەی ئەنجام دا، بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئاسایشی پارێزگاکە و نەهێشتنی پاشماوەکانی داعش لە ناوچەکە.
دوو بەرپرسی سەربازی عێراقیش ڕایانگەیاند، هێزە ئاسیشیەکان بە مەبەستی دەستگیرکردنی چەکدارێکی گومانلێکراو بەرەو ناوچەکە ڕۆشتبوون کاتێک کەوتنە بۆسەی داعشەوە و بە سیرەگر لێیان دراوە.
فەریق میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ و شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندوە، "کاتژمێر 10:00ی بهیانی ئەمڕۆ چوارشەممە هێزێکی هەواڵگری لە لیوای 42ی فیرقەی 11 لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکی چاودێری و پشکنین لە وادی زاغیتون کەوتوەته بۆسەیەکهوه".
ئەو گوتیشی لە ئەنجامی هێرشەکە چوار سەرباز کوژراون و سیانیش بریندار بوون.
تا ئێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام لە بەیاننامە سەربازییەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێرشەکە لەلایەن داعشەوە ئەنجام دراوە.