میدیاکانی لوبنان باس لەوە دەکەن ئەمڕۆ چوارشەممە ژمارەیەکی زۆری ئامێری بێ تەل و تەنانەت سیستەمی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بە تیشکی خۆر (Solar energy) لە چەندین ماڵ تەقیونەتەوە وەک چۆن دوێنێ سێشەممە پەیجەرەکان تەقینەوە.
هەر وەکو دوێنێ زۆربەی تەقینەوەی ئامێرەکان لە ناوچەکانی باشوری لوبنان و ناوچەی باشوری بەیرووتی پایتەخت بوون کە زیاتر ئەندامانی حزبوڵڵا لەوێن.
هەروەها ئەمبوڵانسەکان سەرقاڵی گواستنەوەی بریندارەکانن بۆ نەخۆشخانەکان.
وەزارەتی تەندروستی لوبنان دەڵێت بەپێی ئامارە نوێیەکان، بە تەقینەوەکانی ئەمڕۆ 9 کەس گیانی لەدەستداوە و زیاتر لە 300 کەسیش برینداربوون.
خەڵکی لە ڕێگەی سۆشیال میدیاکانەوە وڤیدیۆ بڵاودەکەنەوە و دەڵێن لە ئەنجامی تەقینەوەکانی ئەمڕۆیە.
کەسێکی حوسی لە پێگەکەی لەسەر ئێکس وێنەی ئامێرێکی بێ تەلی داناوە کە تەقیوەتەوە و لەسەری نووسیویەتی هەرچی ئامێرە نوێیەکانی بێ تەلی جۆری icom v82 ی پێـیە فڕێی بدات و لێی دوربکەوێتەوە، چونکە دەتەقێنرێنەوە.
نوێدەکرێتەوە....