Accessibility links

بەهۆی وەرگەڕانی پاسێکی زیارەتکارانی شیعە لە پاکستانەوە بەرەو عێراق دەیان کەس گیانیان لەدەستدەدەن


کاربەدەستێکی ئێرانی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند پاسێک کە زیارەتکارانی شیعەی لە پاکستانەوە بەرەو عێراق دەگواستەوە لە ناوەڕاستی ئێران توشی ڕووداوی هاتووچۆ بووە و بەهۆیەوە لانیکەم 28 کەس گیانیان لەدەستداوە.

دەزگای هەواڵی ئیرنا لە زاری محەمەد عەلی مەلیکزادە بەرپرسی فریاگوزاری ناوخۆیی ڕایگەیاند ڕووداوەکە شەوی سێشەممە لە پارێزگای یەزد لە ناوەڕاستی ئێران ڕوویداوە.

ئەو بەرپرسە گوتیشی لە ڕووداوەکەدا 23 کەسی دیکە بریندار بوون کە برینی 14 کەسیان سەختە. گوتیشی سەرجەم سەرنشینانی پاسەکە خەڵکی پاکستانن.

مالیکزادە هۆکاری ڕووداوەکە بۆ خراپی برێکی پاسەکە و کەمتەرخەمی شۆفێرەکە گەڕاندەوە.

کاربەدەستانی پاکستان گوتیان ئەوانەی لەناو پاسەکەدا بوون لە شاری لارکانا لە پارێزگای سیندی باشووری پاکستانەوە هاتبوون و مەبەستی یادکردنەوەی چلەی ئیمام حوسێن بەرەو عێراق دەڕۆشتن.

سەرۆک وەزیری پاکستان شەهباز شەریف وتی "زۆر خەمبارم" بەو ڕووداوە و دیپلۆماتکارەکان هاوکاری زیانلێکەوتووان دەکەن.

ئێران یەکێکە لە خراپترین ئەو شوێنانەی زۆرترین ڕووداوی هاوتوچۆی لە جیهاندا تێدا تۆمار دەکرێت و ساڵانە نزیکەی 17 هەزار کەس بە ڕووداوەکانی هاتووچۆ گیان لەدەست دەدەن. ئەو ژمارە زۆرەش دەگەڕێتەوە بۆ فەرامۆشکردنی یاساکانی هاتوچۆ و ئۆتۆمبێلی ناپارێزراو و کەمی خزمەتگوزارییە فریاگوزارییەکان لە ناوچە دوورە دەستەکان.

سەرچاوە: ئەسۆشیەتید پرێس

XS
SM
MD
LG