دادگای باڵای تێهەڵچوونەوەی عێراق سزای ئەفسەرێکی باڵای پۆلیسی هەڵوەشاندەوە کە بە تاوانی کوشتنی خۆپیشاندەران لە ساڵی 2019 لە باشووری وڵات زیندانیکرابوو.
فەرماندەی پۆلیس عومەر نزار، لە یەکەی وەڵامدانەوەی خێرای عێراق، لە مانگی شەشی ساڵی 2023 بە تۆمەتی بڕیاری کوشتنی نزیکەی 20 خۆپیشاندەر و برینداربوونی 190 کەسی دیکە لەسەر پردێک لە شاری ناسریەی باشووری عێراق لە 11ی ساڵی 2019، سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرابوو.
بەڵام دادگای تێهەڵچوونەوە ڕایگەیاند "بەڵگەی کەم" لە دژی نزار هەبووە.
ناڕەزایەتییەکانی دژە حکومەت کە لە ئۆکتۆبەری 2019 دەستی پێکرد و بۆ ماوەی چەند مانگێک بەردەوام بوو و دەیان هەزار کەس بەهۆی توڕەیی لە خراپبوونی ژێرخانی ئابووری و گەندەڵی و بێکاری گەنجان تیایدا بەشدار بوون.
سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە سەرتاسەری وڵات بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 600 کەس و برینداربوونی هەزارانی دیکە، سەرکوتکردنەکە بە تایبەتی لە شاری هەژار و پەراوێزخراوی ناسریە بوو.
دادگای تێهەڵچوونەوە ڕایگەیاندووە، فەرماندە نزار لەلایەن دادگاوە بڕیاری زیندانکردنی دراوە بەهۆی ئەوەی "فەرمانی داوە گولەی ڕاستەقینە ئاراستەی خۆپیشاندەران بکرێت لەسەر پردی زەیتون لە ناسریە،" کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی خەڵکی.
دادگاکە کە مانگی ڕابردوو بڕیارەکەی دەرکرد، بۆی دەرکەوت کە "گومانی گەورە سەبارەت بە بەڵگەکان لەسەر تۆمەتبار عومەر نزار هەیە و دەبێت گومانەکە لە بەرژەوەندی تۆمەتبار لێکبدرێتەوە".
بڕیارەکە "هەموو ئەو بڕیارانەی لە دۆسیەکەدا دراون و ئەو تۆمەتە هەڵدەوەشێنێتەوە کە ئاراستەی تۆمەتبار کراوە" و داوای ئازادکردنی دەکات "بەهۆی کەمی بەڵگەی پێویست"، ئەو بڕیارە لەلایەن ئاژانسی فرانس پرێسەوە بینراوە.
لە بڕیارەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، داواکاران نەیانتوانیوە "ئیفادەی شایەتحاڵ" لە دژی تۆمەتبارەکە پێشکەش بکەن و "قسەی ئەوان دژبەیەک بووە" سەبارەت بە بوونی لە شوێنی ڕووداوەکە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەرپرسێک بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، نزار ئازاد کراوە.
کوشتنەکانی سەر پردی زەیتون کە یەکێکە لە خوێناویترین ڕووداوەکانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی، توڕەیی لێکەوتەوە و دواجاریش بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق.
لەم ساڵانەی دواییدا ژمارەیەکی کەم خەلک بەهۆی کوشتنی چالاکوانان و ڕۆژنامەوانان لە میانەی ئەو خۆپیشاندانانەدا سزادراون.
هاوینی 2022، نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئیدانەی ئەوەی کرد کە گوتی وەک "ژینگەی ترس و تۆقاندن" دەمێنێتەوە کە ئازادی ڕادەربڕین سنووردار دەکات.
نەتەوە یەکگرتووەکان بە تایبەتی ڕەخنەی لەوە گرتووە کە " زۆربەیجار ئەوانەی خۆپیشاندان و چالاکوانان یان ڕەخنەگرانی حکومەت و لایەنەکانی سەربە حکومەتیان کردووەتە ئامانج بێ سزا دەربازدەبن"
سەرچاوە: فرانس پرێس