ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند ئەمڕۆ یەکشەممە پێنج چەکداری لایەنگری ئێران لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ڕۆژهەڵاتی سوریا لە نزیک سنووری عێراق کوژران.
ڕوانگەکە ڕاشیگەیاند هێرشەکە کە "ئۆتۆمبێلێکی سەربازی لەسەر ڕێگایەک لە نزیک سنووری عێراق و سوریا کردووەتە ئامانج لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەناسراوەوە ئەنجام دراوە و پێنج ئەندامی لایەنگرانی ئێران لە هێرشەکەدا کوژراون و ژمارەیەکیشیان برینداربوون "
هەروەها ڕوانگەی سوریا ئاماژەی بەوەشکرد لە مانگی شەشدا سێ چەکداری لایەنگری ئێران لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە ڕۆژهەڵاتی سوریا لە نزیک سنووری عێراق کوژران.
لە سەرەتای شەڕ و ململانێکانەوە لە ساڵی 2011ەوە، ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانی لە سوریا ئەنجامداوە و پێگەی هێزەکانی ڕژیم و بنکەی چەکدارانی سەر بە ئێران و حزبوڵای لوبنانی کردووەتە ئامانج.
ئەمەریکا و ئیسرائیل هەردووکیان لە سوریا هێرشیان کردووەتە سەر لایەن و گرووپە هاوپەیمانەکانی ئێران.
ئیسرائیل بە دەگمەن بەرپرسیارێتی ئەم جۆرە هێرشانە لە ئەستۆ دەگرێت، بەڵام زۆرجار ڕایگەیاندووە کە ڕێگە نادات ئێران خۆی لە ناوچەکە بەهێز بکات و ئاسایشی ئیسرائیل بخاتە مەترسییەوە.
سەرچاوە: ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ