Accessibility links

ژنێکی ئەمەریکایی دوای تێپەڕاندنی 43 ساڵ زیندانیکردنی بە هەڵە، ئازاد دەکرێت


ژنێک کە 43 ساڵی تەمەنی لەسەر تاوانی کوشتن کە ئەنجامی نەدابوو، لە زینداندا بەسەر بردووە، ڕۆژی هەینی لە زیندانێکی ویلایەتی میزۆری ئازاد کرا.

ساندرا هێم تەمەنی 20 ساڵ بوو کاتێک تۆمەتبار کرا بە تاوانی کوشتنی کارمەندێکی کتێبخانە بە ناوی پاتریشیا جێشک بە چەقۆ لە سەینت جۆزیف لە ویلایەتی میزۆری لە مانگی یانزەی ساڵی 1980 دا. ئەو کاتە سزای زیندانیکردنی تا هەتایی بەسەردا سەپێندرا.

ساندرا هێم
ساندرا هێم

هیچ بەڵگەیەک نەبوو بیبەستێتەوە بەو تاوانەوە جگە لە دانپێدانانێک نەبێت کە لە ژێر دەرمانێکی بەهێزی هێورکردنەوەدا لە نەخۆشخانەیەکی دەروونیدا پێیدرابوو.

هێم کە ئێستا تەمەنی 64 ساڵە، نوێنەرەکانی دەڵێن باوەڕوایە یەکەمین ژن بێت لە مێژووی ئەمەریکادا زۆرترین ماوە لە زینداندا بووبێت بە تاوانێک کە ئەنجامی نەداوە.

تیمە یاساییەکەی لە پڕۆژەی بێتاوانیی دەڵێن سوپاسگوزارن کە خاتوو هێم دواجار بە خێزانەکەی شاد بووەتەوە، هەروەها وتیشیان " بەردەوام دەبن لە شەڕ کردن " بۆ پاککردنەوەی ناوەکەی.

لە کاتێکدا کە ئێستا ئازادکراوە و تاوانبار نیە، دۆسییەکەی هێشتا پێداچوونەوەی پێدا دەکرێت.

فەرمانە 118 پەڕەییەکەی دادوەری دادگای بازنەیی ڕایان هۆرسمان کە بێتاوانی دەکات لە 14 ی مانگی شەشدا دەرچوو. وتی پارێزەرەکانی خاتوو هێم بەڵگەی ڕوون و ئاشکرایان هەبوو لەسەر بێتاوانی ئەو، بەو بەڵگەیەشەوە کە پێشتر لەو کاتەدا نەدرابوو بە تیمە بەرگریکارەکەی.

دادوەر هۆرسمان وتی " ئەم دادگایە بۆی دەرکەوتووە کە کۆی گشتی بەڵگەکان پشتگیری لە بێتاوانی دەکەن."

پێداچوونەوەکە دەریدەخات کە پۆلیسی ناوخۆ ئەو بەڵگەیەی پشتگوێ خستووە کە ڕاستەوخۆ پەنجەی بۆ یەکێک لە ئەفسەرەکانی خۆیان درێژ کردووە، مایکڵ هۆڵمان، کە دواتر بە تاوانێکی دیکە زیندانیکرا و لە ساڵی 2015 دا مرد.

لە ڕۆژی کوشتنەکەدا ئوتومبێلەکەی هۆڵمان لە ناوچەکەدا بیندراوە، ئەو پاساوەی هێناوییەتییەوە بۆ ئەوە ڕاست نەبووە، کاردی بانکی پاتریشیا جێشکی بەکارهێناوە دوای ئەوەی بانگەشەی ئەوەی کرد کاردەکەی لە چاڵێکدا دۆزیوەتەوە.

دوو خەڵاتی ئاڵتوونی دیکە کە لەلایەن باوکی جێشكەوە ناسراونەتەوە لە ماڵەکەی هۆڵماندا دۆزراونەتەوە.

پێداچوونەوەکە دەڵێت هیچ کام لەم بەڵگانە لەو کاتەدا نەخراونەتە ڕوو بۆ تیمە بەرگریکارەکەی خاتوو هێم.

خاتوو هێم لەو کاتەدا چەندین جار لە ژێر دەرمانی هێورکردنەوەدا لەلایەن پۆلیسەوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە و دواتر بەبێ ئەوەی خۆی بیەوێت داخڵی نەخۆشخانەیەکی دەروونی کراوە. لە تەمەنی 12 ساڵییەوە ناو بە ناو چارەسەری دەروونی وەرگرتووە.

بەڵگەنامەکانی دادگا دەریدەخەن هێم لەو کاتەدا وەڵامەکانی " ڕوون نەبوون " و " بە تەواوەتی نەیزانیوە چی ڕوودەدات." هەروەها هەندێک جار هەبووە تەنانەت نەیتوانیوە سەریشی بەرز بکاتەوە و لە ئازاردا بووە بەهۆی تەشەنووجی ماسولکەکانییەوە، ئەوەش زیانێکی لاوەکی دەرمانەکان بووە.

پێداچوونەوەکەی دادوەر هۆرسمان ئاماژەی بەوەداوە کە هیچ بەڵگەیەکی شیکاری نەبووە خاتوو هێم ببەستێتەوە بە تاوانی کوشتنەکەوە. هیچ پاڵنەرێکی نەبووە و هیچ شایەتحاڵێکیش نەبووە ئەو ببەستێتەوە بەو تاوانەوە.

کانساس سیتی ستار بڵاویکردەوە ساندرا هێم دواجار ڕۆژی هەینی لە زیندان ئازادکراوە و لەگەڵ خوشکەکەیدا دەژی.

شۆن ئۆبرایەنی پارێزەری بەرگریکار بە ستاری وت هێم پێویستی بە یارمەتی دەبێت چونکە زۆربەی ژیانی لە زینداندا بووە و گونجاو نیە بۆ ئاسایشی کۆمەڵایەتی.

سەرچاوەکان/سی بی ئێس / بی بی سی

XS
SM
MD
LG