Accessibility links

لە پاکستان کەسێکی نزیکی ئوسامە بن لادن دەستگیر دەکرێت


دەسەڵاتدارانی پاکستان دەڵێن کەسێکی زۆر نزیکی ئوسامە بن لادن، دامەزرێنەری تۆڕە تێرۆەکارییەکەی ئەلقاعیدە و نەخشەڕێژی هێرشە تێرۆرکارییەکەی یازدەی سەپتێمبەریان دەستگیرکردووە.

کاربەدەستانی هێزی دژە تێرۆر لە هەرێمی پەنجاب، ئەمین ئەلحەقیان لە شاری گوجرات دەستگیر کردووە و گوناهباریشیان کردووە بە پیلانگێڕان بۆ کاری ئاژاوەگێڕی و هەوڵدان بۆ بە ئامانج گرتنی "دامەزراوی گرنگ" لە پاکستاندا.

دامەزراوەی بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم لە پەنجاب، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردۆتەوە و تیایدا هاتووە "دەستگیرکردنی ئەمین ئەلحەق، سەرکەوتنێکی گەورەی هەوڵە بەردەوامەکانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم لە پاکستان و لە جیهانیشدا."

عوسمان ئەکرەم، سەرۆکی دامەزراوەی دژە تێرۆر لە پەنجاب، ڕۆژی هەینی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کردووە "ناوی ئەمین ئەلحەق، لە لیستی ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا و هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا بووە کە هاوکارێکی نزیکی ئوسامە بن لادان بووە."

ئەکرەم، هەر لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەیدا باسی لەوەش کردووە وەک دەڵێت "دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە ئەفغانستان، ئەمین ئەلحەق دەرکەوتۆتەوە و لە مانگی 8ی ساڵی ڕابردوودا سەردانی ئەفغانستانی کردووە و دەستیکردبووەوە بە هەوڵدان بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی ئەلقاعیدە."

هێزە سەربازییەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە ساڵی 2001دا ڕژێمی تاڵیبانیان ڕوخاند، چونکە تاڵیبان ڕادەستکردنی ئەو توندڕەوانەی ڕەت کردەوە کە لە پشت هێرشە تێرۆرکارییەکانی یازدەی سەپتێمبەرەوە بوون.

دواتر دەرکەوت ئوسامە بن لادن لە پاکستان دەژی و هەر لەوێش کوژرا لە ساڵی 2011دا لە ئاکامی کتردەیەکی لەشکریی ئەمەریکاییدا.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG