Accessibility links

چین دەڵێت مانۆڕێکی هاوبەشی لەشکری لەگەڵ ڕووسیادا دەکات


وڵاتی چین دەڵێت مانۆڕێکی هاوبەشی لەشکریی دەکات لەگەڵ ڕوسیادا لە کەنارەکانی باشوری وڵاتەکەدا.

ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی هەینی وڵاتی چین، هاوکاتی کۆبوونەوە لوتکەییەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆیە لە واشنتۆن و هەروەهاش هاوکاتە لەگەڵ ئاگاهیدانەکانی ژاپۆن سەبارەت بە هەروادێ و زیاتر بوونی مەترسی پەرەپێدانی پەیوەندی بەهێز لە نێوان بێژینگ و مۆسکۆدا.

وەزارەتی بەرگری وڵاتی چین دەڵێت، لەشکرەکانی هەردوو وڵات لە سەرەتای ئەم مانگی حەوتەوە دەستیان کردووە بەو مەشق و ڕاهێنانە لەشکریانە و ناویشی لێنراوە مانۆڕی هاوبەشی دەریایی 2024 و لە ناوەڕاستی ئەم مانگەشدا کۆتایی پێدێت.

وەک وەزارەتی بەرگری چین دەڵێت "ئەم مانۆڕە دەریایی و ئاسمانییە بە مەبەستی نیشاندانی سووربوون و توانایی هاوبەشی هەردوو وڵاتە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هەڕەشە و مەترسییەکی ئاسایشی لە دەریادا و هەروەهاش بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکەیە و ئەم مانۆڕەش دەبێتە مایەی قوڵکردنەوەی هاوبەشی هەماهەنگی ستراتیژیی بەرفروانی نێوان چین و ڕوسیا لەم قۆناغە نوێیەدا."

بێژینگ و مۆسکۆ، لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا لێکنزیک بوونەتەوە و بانگەشەی ئەوەش دەکەن کە دۆستایەتییەکەیان هیچ سنورێکی نییە.

چین و ڕوسیا، هاوبەشن لە دژایەتی کردنی هاوپەیمانێتی ناتۆدا.

ڕێبەرانی وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانێتی ناتۆ، لە ڕاگەیەندراوەکەی ڕۆژی چوارشەممەیاندا، ئاماژەیان کردووە بەوەی "وڵاتی چین بۆتە پاڵپشتێکی یەکلاکەرەوە بۆ داگیرکردنەکانی مۆسکۆ لە ئۆکراین."
بێژینگ ئاگاهیداوە بە هاوپەیمانێتی ناتۆ لەوەی هاندەر نەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوە.

سەبارەت بەو مانۆڕە هاوبەشە لەشکرییە، تۆکیۆ ڕایگەیاندووە "جموجۆڵە هاوبەشەکانی چین و ڕوسیا لە نزیک ژاپۆنەوە مایەی نیگەرانییەکی زۆرن لە ڕوانگەی ئاسایشی نیشتمانییەوە."

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG