Accessibility links

دادگایەکی عێراق بڕیاری سزای لەسێدارەدان بۆ هاوسەری بەغدادی دەردەکات


دادگایەکی عێراق ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، هاوسەری سەرکردەی کوژراوی داعش، ئەبوبەکر بەغدادی، بە تۆمەتی کارکردن بۆ ئەو گرووپە و دەستبەسەرکردنی ژنانی ئێزدی، بڕیاری سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق ناسنامەی هاوسەری بەغدادی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام سەرچاوەیەکی دادوەری ناوی ژنەکەی بە ناوی ئەسما محەمەد بۆ ئاژانسی فرانس پرێس ئاشکرا کرد.

ئەنجومەنەکە لە ماڵپەڕی خۆیدا نووسیویەتی: "دادگای تاوانەکانی ناوچەی کەرخی بەغدا بڕیاری سزای لەسێدارەدانی بۆ هاوسەری ئەبوبەکر بەغدادی دەکردووە، بە تۆمەتی کارکردن بۆ ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و دەستبەسەرکردنی ژنانی ئێزدی لە ماڵەکەیدا.

لە ماڵپەڕی ئەنجومەنی دادوەری عێراقدا ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەو ژنە ئێزدییانەی لە قەزای شنگال لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ڕفێندراون، ئەو ژنە لە ماڵەکەی خۆیدا لە موسڵ دەستبەسەری کردوون.

هێشتا بوار بۆ دادگا هەیە پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکات ئەگەر پارێزەکەی داوای پێداچوونەوە بە کەیسەکەدا بکات.

سەرچاوە دادوەرییەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسیان ڕاگەیاندووە، هاوسەرەکەی بەغدادی دوای دەستگیرکردنی لە تورکیا لەگەڵ منداڵەکانی گەڕێنراونەتەوە عێراق.

پێشتریش عێراق لە مانگی دوودا ڕایگەیاندبوو "خێزانەکەی" بەغدادی گەڕاندووەتەوە.

لە مانگی یازدەی 2019، تورکیا ڕایگەیاند، هاوسەرەکەی بەغدادیی دەستگیرکردبوو، کە میدیاکانی تورکیا لە مانگی شەشی 2018دا بە ناوی ئەسما کوبەیسی ناویان برد.

سەرچاوەکان: ڕۆیتەرز/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG