Accessibility links

سەرۆک بایدن 5 سیستمی بەرگری ئاسمانی دیکە بۆ ئۆکرانیا ڕادەگەیەنێت


جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە میانی کۆبوونەوەی ئەندامانی ناتۆ لە یادی دامەزراندنی 75 ساڵەی هاوپەیمانیەکە لە واشنتن پێنج سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ ئۆکرانیا ڕاگەیاند، لەوانە سێ پاتری پاتریۆت لە ئەمەریکا، ئەڵمانیا و ڕۆمانیا.

کارنامەی سەرەکی کۆبوونەوەکە پشتگیریکردنە لە شەڕی ئۆکرانیا دژی لەشکرکێشی نایاسایی ڕووسیا.

بەپێی بەیاننامەیەکی هاوبەش کە ڕۆژی سێشەممە لەلایەن ڕێبەرانی ئەمەریکا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، ڕۆمانیا و ئۆکرانیاوە بڵاوکرایەوە. هۆڵەندا و هاوبەشەکانی دیکە پێکهاتەکانی پاتریۆت دەبەخشن بۆ دروستکردنی پاتری پاتریۆت، لە کاتێکدا ئیتاڵیا سیستمێکی دیکەی SAMP-T دەبەخشێت بە ئۆکرانیا.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە مانگی چواردا بە ئەندامانی ناتۆی ڕاگەیاند ئۆکرانیا پێویستی بە لانیکەم حەوت سیستەمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا.

هاوپەیمانەکانی ناتۆ دەڵێن، لە نزیکەوە هەماهەنگی لەگەڵ کیێڤ دەکەن بۆ ئەوەی ئەم سیستەمە بە زووترین کات بخەنە بەردەست. هەروەها ڕایانگەیاندووە کە کاردەکەن بۆ دابینکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ستراتیژی زیادە بۆ ئۆکرانیا لە کۆتایی ئەمساڵدا.

ینس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتیی ناتۆ گوتی: تەنانەت پشتیوانی ئێمە بۆ ئۆکرانیا شتێکی دیاریکراو نەبووە. ئاماژەی بەوەشکرد، “ڕاستیەکە ئەوەیە کە هیچ بژاردەیەکی بێ تێچوون نییە لەگەڵ ڕووسیایەکی شەڕانگێز وەک دراوسێ و هیچ بژاردەیەکی بێ مەترسیش لە جەنگدا نییە، لەبیریشمان نەچێت کە گەورەترین تێچوون و مەترسی ئەوە دەبێت ئەگەر ڕووسیا لە شەڕەکەیدا لە ئۆکرانیا بباتەوە."

دوو بەرپرسی ئەمەریکایی بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند، لەو کاتەوەی کۆنگرێسی ئەمەریکا یارمەتییە نوێیەکانی بۆ ئۆکرانیا پەسەند کرد دوای چەند مانگێک لە دواخستن، ئەمەریکا سەدان ملیۆن دۆلاری بە ئۆکرانیا داوە کە لە کۆگاکانی ئەمەریکاوە دەرهێنراوە، لەوانە پاتری پاتریۆتی زیاتر کە ڕۆژی سێشەممە ڕاگەیەندرا و چەندین موشەکی مەودا دوور کە بە ATACMS ناسراوە.

موشەکەکە مەودای 300 کیلۆمەتری هەیە، کە نزیکەی دوو هێندەی مەودای موشەکەکانی ئۆکرانیایە.

جگە لەوەش، ئەمەریکا ملیاران دۆلار تەرخانکردووە بۆ دابینکردنی پێداویستییە بەرگرییە مەودا درێژەکانی کیێڤ، لەنێویاندا پاکێجی دەستپێشخەری هاوکاری ئاسایشی ئۆکرانیا کە هەفتەی ڕابردوو بە بڕی 2.2 ملیار دۆلار بوو کە بۆ کڕینی ئامێری ڕێگریکار کە بۆ (سیستەمی بەرگری ئاسمانی زەمینی مەودای مامناوەند) بەکاردەهێنرێت و سیستەمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت بۆ ئۆکرانیا.

ڕاپۆرتی کارلا باب لە دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG