Accessibility links

ڕێکخراوێکی ژینگەیی: نیوەی دارستان و پاوەنی کوردستان لە ناوچوون و تۆپبارانەکانی تورکیا و ئێران یەکێکن لەهۆکارەکان


مەعروف مەجید سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە ڕایدەگەیەنێت لە بیست ساڵی ڕابردوودا 50%ی دارستان و پاوەنی هەرێم لەناوچوون کە 100% لەناوچوونەکان بە دەستی مرۆڤ کراون و یەکێک لە هۆکارەکانیش تۆپبارانە بەردەوامەکانی تورکیا و ئێران بووە بۆ نێو خاکی هەرێمی کوردستان و گەر واش بڕوات ڕێژەی سەوزایی بەتەواوی مەترسی کەمبووەنەوەی لەسەر دەبێت.

لە 1ی مانگی شەشی 2024، سوپای تورکیا هەنگاوەکانی بۆ نێوخاکی هەرێمی کوردستان زیاتر چڕکردووەتەوە، بیانووکەشی پاراستنی وڵاتەکەی و سنورەکانێتی لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان کە وەک مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی لێیان دەڕوانێ. بە پێی ئەو زانیاریانەی کە دراون بە دەنگی ئەمەریکا، سوپای تورکیا ئاگری لە چەندین دارستان و ڕەز و باخ بەرداوە لە ناوچە سنوریەکانی قەزای ئامێدی بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی گیانی هێزەکانیان.

دەنگی ئەمەریکا لەسەر لەشکرکێشیەکە و مەترسیەکانی سەر گوندنشینانی ناوچە سنوریەکانی سەر بە قەزای ئامێدی پەیوەندی بە قایمقامی قەزاکەوە کرد، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە پەیوەندیەکە بێ ئەنجامبووە.

کامەران عوسمان بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی CPT ئەمەریکایی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لە 15ی شەشی 2024 ەوە سوپای ئاسمانی تورکیا بۆردوومانەکانی بۆ سەر گوندەکانی (گوهەرزێ، بلاڤێ، بەرچێ، سەرگەلێ، کانێ، ئاشێ دێرێ) لە قەزای ئامێدی چڕکردۆتەوە و بەهۆیەوە نزیکەی 20هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی و دارستان لەم ناوچەیەدا سوتاون، هەروەها لەبەرەبەیانی ڕۆژی 4ی مانگی حەوتی 2024 یشەوە، شەڕ و پێکدادانی قورس لەناو گوندی سەرگەلێدا بەڕێوەدەچێت و 55%ی زەوی کشتوکاڵی و دارستان و زەوی و زاری ناو گوندەکە بەتەواوی سوتاون."

وتیشی " لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو 1ی مانگی حەوتی 2024، سوپای تورکیا هەزار و 76 جار هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، ئەمە لە کاتێکدا بە درێژایی ساڵی ڕابردوو سوپای تورکیا یەک هەزار و 548 جار بۆردوومان و هێرشی بۆسەر کوردستان ئەنجامداوە."

ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە کە لە سەر ئاستی عێراق کار لەسەر ژینگەدا دەکات لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بۆ ئەوەدەکات ساڵی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو هەرێمی کوردستان خاوەن پێنج ملیۆن دۆنم دارستان و پاوە بووە، بەڵام ساڵی دوو هەزار ڕێژەکە کەمبووەتەوە بۆ دوو ملیۆن و پێنج سەد هەزار دۆنم پاوەن و دارستان و هۆکاری لەناوچوونیان بە هۆکاری جیاواز بووە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوکەیاندا هاتووە، لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردووشدا لە 50% ی دارستان و پاوەنی هەرێم ڕووبەڕووی سوتان و لەناوچوون بوونەتەوە کە 97% ی دارستانەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستاندایە و نزیکەی 87% ی سەوزایەکان داری خۆڕسکن و دەکەونە سنوری پارێزگای دهۆک، چونکە دهۆک یەکەمە لە دارستانەکانەکان و هۆکاری سەرەکی نەمان و فەوتانی دارستانەکان باشوری کوردستان 100% بە دەستی مرۆڤ کراون.

بە گوێرەی ئامارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2015، ڕێژەی سەوزای لە هەرێمی کوردستان 12% بووە، بەڵام بۆ ئەمساڵ هیچ ئامارێکی نوێ نەخستووەتە ڕوو.

مەعروف مەجید، سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستی ژینگە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بە داخەوە یەکێک لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی سەوزای لە هەرێمی کوردستان، بەهۆی تۆپبارانە بەردەوامەکانی تورکیا و کۆماری ئیسلامی ئێرانەوەیە کە ناوچە سنوریەکان بەردەوام دەکەنە ئامانج، چونکە زۆرترین ئەو ڕێژە سەوزایانە لەو ناوچانە لەناوچوونە."

وتیشی،" زۆرجاریش بووە ئاگر لە وڵاتانی دراوسێ دروستبووە و پەڕێوەتەوە بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان، بۆیە دەڵێم هەر ناوچەیەک دۆخی سیاسی نا سەقامگیربوو و کێشەی سیاسی تێدا بوو، ئەوە بە دڵنیایەوە سروشتەکەی زیانی بەردەکەوێت، بە تایبەتیش لەم ساڵانەی دوایدا بەهۆی بوونی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران و بوونی پەکەکە وایکردووە ناوچە سنوریەکان زیانی زۆریان بەربکەوێت."

بە پێی ئەو زانیاریانەی کە دراون بە دەنگی ئەمەریکا، سوپای تورکیا لە ناوچە سنورییەکان مەترسیەکی زۆریان بۆ سەر سەدان گوندنشین دروستکردووە و تەنانەت لە ڕۆژی 27ی مانگی شەشی 2024، سوپای تورکیا داوایان لە دانیشتوانی گوندەکانی دەرگەلێ موسا بەگێ کردووە گوندەکە چۆڵبکەن و ئەوانیش لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێر گوندەکەیان چۆڵکردووە.

مەعروف مەجید سەرۆکی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هەمیشە وتوومانە 100% لەناوچوونی سروشتی کوردستان دەستی مرۆڤی تێدایە، چونکە هیچ کارەساتێکی سروشتی نەبووەتە هۆکاری ئەوەی لە دارستانەکان ئاگر بکەوێتەوە و لەناوبچن، جا دەستی مرۆڤ بێت یاخود بە هۆکاری سیاسی بێت سوتێنرابن یان کێشەی کۆمەڵایەتی نێوان گوندەکان یاخود ناهۆشیاری خەڵک بووبێت ئاگر کەوتبێتەوە، بۆیە ڕێژەی سەوزای لە کوردستان لە مەترسیدایە گەر بێت و بیر لە هەڵمەتی گەورەی سەوزکردن و ڕێگریکردن لە سووتاندیان نەنرێت."

جێی ئاماژەیە تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی هیچ ڕوونکردنەوەیەک یان ڕاگەیەندراوێکی لەسەر لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆ ناوچە سنوریەکانی پارێزگای دهۆک بڵاونەکردووەتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:01 0:00
XS
SM
MD
LG