زۆرێک لە ئەمەریکاییەکان ڕێگە نادەن نیگەرانییە ئابوورییەکان و جەمسەرگیرییە سیاسییەکان ڕێگرییان لێبکات لە گەشتکردن و چێژوەرگرتن لە یارییە ئاگرینەکانی ڕۆژی سەربەخۆیی ئەمساڵی وڵاتەکەیان.
گروپێکی پیشەسازی یارییە ئاگرینەکان ڕایگەیاندووە پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ یارییە ئاگرینەکان لە ئەمەریکا ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ تۆماربکەن.
خەڵکێکی زۆر لە حەوشەکەیان یارییە ئاگرینەکان دەکەنەوە و 16 هەزار نمایشی یاریی ئاگرینی گەورە لە سەرانسەری وڵاتەکەدا پلانی بۆ دانراوە.
هەروەها فڕۆکەخانەکان و ڕێگاوبانەکان زۆر قەرەباڵغن و خەڵک لەم ڕۆژەدا کە پشوویەکی فەرمییە، گەشت دەکەن بۆلای هاوڕێ و خێزانەکانیان.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گواستنەوەی ئەمەریکا ڕایگەیانووە هەفتەی ڕابردوو نزیکەی 3 ملیۆن کەس لە فڕۆکەخانەکاندا گشتیان کردووە و پێشبینیش دەکرێت لەم هەفتەیەدا ئەو ژمارەیە بەرزببێتەوە.
هەروەها ئەنجومەنی ئۆتۆمبێلی ئەمەریکایی پێشبینی کردووە کە لەم ڕۆژانەدا بە هۆی ئەم ڕۆژەوە، 60 ملیۆن و 600 هەزار کەس بە ئۆتۆمبێل گەشت بکەن.
بەشێک لە زیادبوونی گەشتەکان بۆ دابەزینی هەڵاوسان دەگەڕێتەوە، بەڵام خەڵکی ئەمەریکا هێشتا نیگەرانن لە دۆخی ئابووری وڵاتەکە.
ئەمەریکاییەکان بە برژاندنی گوشت و خواردنی جۆرەها شیرینی و خواردنەوە ساردەکان و هەڵگرتنی هێماکانی ئەمەریکا، یادی ڕۆژی سەربەخۆیی وڵاتەکەیان دەکەنەوە.
پشووی ڕۆژی چواری مانگی حەوت، هەموو ئەمەریکاییەکان لە خاڵێکدا کە خۆشەویستییە بۆ وڵاتەکەیان یەکدەخات، بەڵام هاوکاتی پشووی ئەمساڵ، هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکایە کە بووەتە هۆی جەمسەرگیری زیاتری سیاسی لە وڵاتەکەدا.
سەرچاوە/AP/VOA