Accessibility links

هاووڵاتییەکی نەرویجی بە ڕەچەڵەک کورد، سزای 30 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێندرێت


زانیار مەتاپوور، هاووڵاتییەکی نەرویجی بە ڕەچەڵەک کورد ڕۆژی پێنجشەممە 4ی مانگی حەوت بە تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر فێستیڤاڵێکی کەمایەتییە جێندەرییەکان لە شاری ئۆسلۆ، سزای 30 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێندرێت.


هاوکاتی ئاهەنگی ساڵانەی هاوڕەگەزخوازان و کۆمەڵەی ئێڵ جی بی تی لە ئۆسلۆ لە 25ی مانگی شەشی ساڵی 2022، لە ئەنجامی هێرشێکی تەقەکردن لە خەڵک لە سێ شوێنی نزیک مەیخانەیەک بەناوی "لەندەن پاب" کە شوێنێکی بەناوبانگی هاوڕەگەزخوازانە، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و نۆ کەسیش بە سەختی برینداربوون.

دادگای ئۆسلۆ ڕایگەیاندووە زانیار مەتاپوور بە دۆشکە 10 گولە و بە دەمانچەی دەستی هەشت گولەی ئاراستەی خەڵکەکە کردووە و ناوبراو پەیوندی لەگەڵ گرووپی"خەلافەتی ئیسلامی" دا هەبووە و بۆ ماوەی چەند ساڵێک باوەڕی بە ئیسلامیزمی ڕادیکاڵ و توندوتیژ بووە.

سزای 30 ساڵ زیندانیکردن قورسترین سزای ئەو وڵاتەیە دوای گۆڕانکاری لە یاسای تاوانەکانی نەرویج سەبارەت بە تاوانە تیرۆریستییەکان لە ساڵی 2015دا.

پارێزەری مەتاپوور بڕیارەکەی دادگای بە "سزایەکی قورس" ناودێر کردووە و ئاماژەی بەوەشکردووە تا ئێستا بڕیاریان لەسەر تانەدان لە سەر بڕیارەکەی دادگاە نەداوە.

یەکێک لە بریندارانی هێرشەکە بە دەزگایەکی میدیایی نەرویجی ڕاگەیاندووە "ئەو بڕیارە دڵنەواییەکی گەورەیە بۆ قوربانیان و خێزانەکانیان."

زانیار مەتاپوور دوای تێپەڕاندنی 20 ساڵ لە سزاکەی دەتوانێت داوای ئازادی مەرجدار بکات، بەڵام تەنها لە حاڵەتێکدا دەتوانێت ئەو کارە بکات کە لەلایەن دادگاوە چیتر بە مەترسیدار نەزانرێت.

مەتاپوور پێشتر بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە تاوانبار نییە. ئەو پزیشکە دەروونییەی کە لەلایەن دادگاوە دەستنیشانکرابوو بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی دەروونی تاوانبار، دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکان گەیشتبووە ئەو ئەنجامە کە ئەنجامدەری ئەو هێرشە تیرۆریستییە لە کاتی ئەنجامدانیدا باری تەندروستی دەروونی جێگیر بووە.

زانیار مەتاپوور تەمەن 42 ساڵ، کوردێکی ئێرانە و کاتێک تەمەنی 12 ساڵ بووە، لەگەڵ خێزانەکەی ڕوویان لە نەرویج کردووە.

سەرچاوە/AP

XS
SM
MD
LG