Accessibility links

لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر لوبنان، فەرماندەیەکی باڵای دیکەی حزبوڵڵا دەکوژرێت

بەرپرسێکی حزبوڵڵای لوبنان بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی ڕاگەیاندووە لە هێرشێکی ڕۆژی چوارشەممەی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان فەرماندەیەکی باڵای دیکەی حزبوڵڵای لوبنان کوژراوە، ئەمەش لەکاتێکدا گرژییەکانی نێوان هەردوولا بەردەوامن لە هەڵکشان.

هێرشەکە لە نزیک شاری سور لە کەناراوەکانی باشووری لوبنان لە کاتێکدا ڕوویداوە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی جیهان لە چەند هەفتەی ڕابردوودا چڕتر بووەتەوە بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی پێکدادانەکانی نێوان حزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیل بۆ شەڕێکی سەرتاسەری کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل و ئێرانیش .

لە بەیاننامەیەکی حزبوڵڵادا ناسنامەی فەرماندە کوژراوەکە بە محەمەد نەعمە ناسر ڕاگەیەندراوە و بەرپرسێکی حزبوڵڵای لوبنان کە نەیوەیستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە ئەسۆشیەیتد پرێسی وتووە ناوبرا سەرۆکی یەکەی عەزیز بووە لەناو گرووپەکەدا کە یەکێکە لە سێ بەشی ناوچەیی لە باشووری لوبنان.

لە سەرەتای شەڕی غەززەوە، ئیسرائیل لەگەڵ حزبوڵڵا ڕۆژانە لە ناوچە سنوورییەکانی ئەو دوو وڵاتە تەقە و پێکدادانیان هەیە و حزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاندووە تا شەڕی غەززە کۆتایی نەیەت، بەردەوام دەبن لە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل.

بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکان ئەم فەرماندەیەی حزبوڵڵا یەکێک بووە لە فەرماندە باڵاکانی ئەو گرووپە کە شوێنی متمانەی ئێران بووە و هاوشانی تالیب عەبدوڵڵا فەرماندەی گرووپەکە بووە کە لە مانگی ڕابردوو لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کوژرا.

حزبوڵڵای لوبنان دوای کوژرانی تالیب عەبدوڵڵا، فەرماندەی باڵای گرووپەکە لە هەڵمەتێکی ئیسرائیل بۆ سەر ماڵێک لە شارۆچکەی جویا، هێرشەکانی وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بۆ سەر ئیسرائیل چڕتر کردووەتەوە.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا نیگەرانییەکان لەمەڕ شەڕێکی تەواو لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا توندتر بووە و پێشتریش ئەمەریکا نیگەرانی خۆی لە ئەگەری کاردانەوەی ئێران لە ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی لەو شێوەیە دەربڕیوە.

لە میانی شەڕی هەشت مانگی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان کە هاوکاتی شەڕی غەززە دەستیپێکردووە، زیاتر لە 400 کەس لە لوبنان کوژراون کە 70 کەسیان مەدەنین. ئیسرائیل تا ئێستا 26 کەسی کوژراون کە 10 کەسیان خەڵکی مەدەنی بوون.

سەرچاوە/AP

This item is part of
XS
SM
MD
LG