دەسەڵاتدارانی تاڵیبان ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند، فشار دەخەنە سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر سزا ئابوورییەکان، لەکاتێکدا بۆ یەکەمجار بەشدارییان لە لوتکەیەکدا کردووە کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە دۆحە بەڕێوە دەچێت بە بەشداری نوێنەرانی تایبەت بۆ ئەفغانستان.
کۆبوونەوە دوو ڕۆژییەکە یەکشەممە دەستیپێکرد و سێهەمین لوتکەی لەو جۆرەیە کە لە ماوەی کەمێک زیاتر لە ساڵێکدا لە قەتەر بەڕێوەدەچێت، بەڵام یەکەمین کۆبوونەوەیە کە دەسەڵاتدارانی تاڵیبان تیایدا بەشداربن لەوەتای لە ساڵی 2021وە دەستیان بەسەر دەسەڵاتی ئەفغانستاندا گرت.
زاکر جەلالی، بەرپرسی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان، لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە، شاندی حکومەتی تاڵیبان لەد کۆبوونەوەکانی ڕۆژی دووشەممەدا تیشک دەخەنە سەر چارەسەرکردنی "گەمارۆ دارایی و بانکییەکان" و ئەو "ئاستەنگانەی" کە بەهۆی ئەمانەوە بۆ ئابووری ئەفغانستان دروست بووە.
لێدوانەکەی دوای ئەوە هات کە درەنگانی یەکشەممە سەرۆکی شاندی تاڵیبان، وتەبێژی تاڵیبان، زەبیحوڵا موجاهید، کاتێک قسەی بۆ زیاتر لە 20 ئەندامی شاندەکان و کاربەدەستانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.
موجاهید لە کاتێکدا پرسیاری ئەوەی کرد کە ئایا سزا بەردەوامەکان "کرداری دادپەروەرانە"ن دوای "جەنگەکان و نائارامی بۆ ماوەی نزیکەی نیو سەدە لە ئەنجامی هێرش و دەستێوەردانی دەرەکی" وتیشی " ئەفغانییەکان پرسیار دەکەن بۆچی بە ڕێگاری سزای گشتی و تاکەکەسی دەکرێنە ئامانج".
ئامانجی کۆبوونەوەکەی قەتەر، تاوتوێکردنی زیادکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەو وڵاتە هەژارەیە کە زیاتر لە 40 ملیۆن کەسی تێدایە، لەوانەش پرسە ئابوورییەکان و هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان تیایدا.
لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کێشەی لەگەڵ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ فەرمانڕەوا نوێیەکانی ئەفغانستان هەیە.
حکومەتی تاڵیبان لە کابول لە دوای دەستبەکاربوونی دەسەڵاتی تاڵیبان بە فەرمی لەلایەن هیچ حکومەتێکی دیکەوە دانی پێدا نەنراوە.
ئەو حکومەتە لێکدانەوەی توندی ئیسلامی سەپاندووە، و شێوازی مامەلەکردنەی لەگەڵ ژناندا دەیکات نەتەوە یەکگرتووەکان بە "ئاپارتایدی جێندەری" پاێناسەی کردووە.
بەشداریکردنی شاندێکی تاڵیبان لەم کۆنفرانسە لە کاتێکدا ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و گروپەکانی مافی ژنان دوورخراونەتەوە، توڕەیی لێکەوتەوە و ڕێکخراوەکان نەتەوە یەکگرتووەکان و بەشداربووان تۆمەتبار دەکەن بەوەی ڕەوایەتی بە سیاسەتەکانی حکومەتی تاڵیبان دەدەن.
ئاگنێس کالامارد، سەرۆکی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا پێش دەستپێکردنی وتووێژەکان گوتی " ڕازیبوون بە داواکارییەکانی تاڵیبان بۆ بەشداریکردنیان لە دانوستانەکاندا مەترسی شەڕعییەتدان بە ستەمکارییە جێندەرییەکانیان دەدات."
دەسەڵاتدارانی تاڵیبان چەندین جار ڕایانگەیاندووە، مافی هەموو هاووڵاتییان لە چوارچێوەی یاسای ئیسلامیدا پارێزراوە.
موجاهید وتی دیپلۆماتکاران پێویستە سەرباری جیاوازییە "سروشتییەکان " لە ڕێبازەکانیاندا "رێگای کارکردن و لێکتێگەیشتن بدۆزنەوە نەک ڕووبەڕووبوونەوە."
موجاهید وتیشی "میرنشینی ئیسلامی ئەفغانستان خواستی پەیوەندی بنیاتنەرانەشی لەگەڵ گەلانی ڕۆژئاوادا هەیە".
گوتیشی "وەک هەر دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری، ئێمە هەندێک بەهای ئایینی و کولتووری و خواستی گشتی دەپارێزین کە دەبێت دانیان پێدا بنرێت".
سەرچاوە: فرانس پرێس