ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، ئەگەری کۆبوونەوە لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا بۆ یارمەتیدان لە گەڕاندنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ، ڕەت ناکاتەوە.
تورکیا دوای شەڕی ناوخۆی سوریا لە ساڵی 2011 پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریا پچڕاند و پاڵپشتی ئەو یاخیبووانەی کرد کە هەوڵی لەکارخستنی ئەسەدی دەدا.
لەو کاتەوە تورکیا چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازی سنووربەزاندنی بۆ ناو سوریا ئەنجامداوە لە دژی ئەو هێزانەی کە دەڵێت گوایە هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی دەکەن و "ناوچەیەکی ئارامی"ی لە باکووری سوریا پێکهێناوە کە ئێستا سەربازانی تورکیا لەوێ جێگیرکراون.
بەڵام لە چوارچێوەی هەوڵێکی ناوچەیی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، تورکیا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەگەر پێشکەوتن لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا ڕووبدات، ڕەنگە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشقدا بگەڕێنێتەوە، بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەی سەلامەتی و خۆبەخشانەی ملیۆنان پەنابەر کە لە تورکیان، و بەرەوپێشبردنی سیاسی پرۆسە.
لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بە لێدوانە ڕاگەیاندراوەکانی ئەسەد کە دەڵێت حکومەتەکەی کراوەیە بۆ دەستپێشخەرییەکانی ئاساییکردنەوە بە مەرجێک ڕێز لە سەروەری سوریا بگرن و بەشداری بکەن لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئەردۆغان وتی ئانکەرە و دیمەشق دەتوانن هەنگاو بنێن بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکان.
ئەردۆغان گوتیشی " هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی ئەمە ڕوونەدات،" ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا هیچ نیازێکی نییە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی سوریادا بکات.
لە لێدوانەکەیدا پاش نوێژی هەینی، ئەردۆغان گوتیشی "هەروەک چۆن لە ڕابردوودا پەیوەندییەکانمان زۆر زیندوو ڕاگرت - تەنانەت گفتوگۆمان لە نێوان خێزانەکانمان لەگەڵ بەڕێز ئەسەد ئەنجامدا - بە دڵنیاییەوە ناتوانرێت (بڵێین) ئەمە لە داهاتوودا دووبارە نەبێتەوە، دەشێت ڕووبدات."
کاربەدەستانی سوریا چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە هەر هەنگاوێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئانکەرە تەنها دوای ئەوە دێت کە تورکیا ڕازی بێت بە کشانەوەی هەزاران سەربازی کە لە باکووری ڕۆژئاوای ژێر دەستی یاخیبووان جێگیری کردوون.
لە مانگی چواری ساڵی 2023، وەزیرانی بەرگری و بەرپرسانی هەواڵگری ئێران، ڕووسیا، سوریا و تورکیا وتووێژیان ئەنجامدا، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و سوریا دوای چەندین ساڵ لە دوژمنایەتی.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز