Accessibility links

ئەمەریکا سزا دەخاتە سەر تۆڕیكی سپیکردنەوەی پارەی سوپای پاسداران و وەزارەتی بەرگری ئێران


ئەمەریکا ڕۆژی سێ شەممە، 25ی مانگی شەش سزا بەسەر نزیکەی 50 قەوارە و کەسایەتیدا کە تۆمەتبارن بە گواستنەوەی ملیارەها دۆلار بۆ هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەسەپێنێت.

بەگوێرەی ماڵپەڕی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا، وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە ئەو کەسانەی کە لەلایەن نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەروەت و سامانی دەرەکی وەزارەتی خەزێنەوە سزایان بەسەردا سەپێنراوە "تۆڕێکی بانکی سێبەرن" کە وەزارەتی بەرگری و هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و هەروەها سوپای پاسدارنیش بەکاریان دەهێنن.

هەردوو وەزارەتی بەرگری و سوپای پاسداران لە ژێر سزاکانی ئەمەریکادان.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە کە ئەم تۆڕە لە ساڵی 2020وە یارمەتی وەزارەتی بەرگری کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسدارانی داوە بۆ دەستڕاگەیشتن بە سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی و گواستنەوەی ملیارەها دۆلار.

واڵی ئەدێمۆ، جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "ئەمەریکا لە دژی سیستەمێکی بانکی سێبەری بەرفراوان هەنگاو دەنێت کە هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ سپیکردنەوەی ملیارەها دۆلار پارەی نەوت و داهاتی نایاسایی دیکە بەکاریدەهێنن".

لە لیستی سزاکانی ئەمڕۆدا ناوی چوار ئێرانی هاتووە کە بریتین لە سەید ڕەزی میر محەمەد عەلی، سیاوەش نوریان، ڕامین جەلالیان و سەید محەمەد موسەنایی نەجیبی کە سەرجەمیان پەیوەندییان بە وەزارەتی بەرگری و پشتیوانی هێزە چەکدارەکانەوە هەبووە و خاوەنی چەند شوێنیکی ئاڵوگۆڕێکی دراو بوون.

لە نێو کۆمپانیا بیانییەکان، 13کۆمپانیا لە ئیمارات و 20 کۆمپانیا لە هۆنگ کۆنگ و ئەوانی دیکەش لە تورکیا و دوورگەکانی مارشالن کە سزایان بەسەردا سەپێندراوە.

سزاکانی ڕۆژی سێ شەممەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا دەیان کۆمپانیای لە تورکیا، ئیمارات، هۆنگ کۆنگ و دوورگەکانی مارشال و ئێرانی کردووەتە ئامانج.

سزاکان سەروەت و سامانی ئەو کۆمپانیایانە لە ئەمەریکا سڕ دەکات و بە گشتی هاووڵاتیانی ئەمەریکا لە بازرگانیکردن لەگەڵیاندا قەدەغە دەکات و ئەوانەش کە هەندێک مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن، خۆیان ڕووبەڕووی ئەو مەترسییە دەکەنەوە کە سزا بەسەر ئەوانیشدا بسەپێندرێت.

XS
SM
MD
LG