ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە بە قووڵی نیگەرانە لە پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان و وتی ئاشتیپارێزانی نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکەن بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و ڕێگریکردن لە حیساباتی هەڵە.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی بە ڕۆژنامەنووسانی وت "یەک جوڵەی پەڵە و هەڵە دەتوانێت کارەساتێک بخولقێنێت لە دەرەوەی خەیاڵ کە زۆر زیاتر لە سنوورەکانی خۆی بڕوات." وتیشی "با ڕوون بیڵێم، خەڵکی ناوچەکە و خەڵکی جیهان توانای ئەوەیان نییە لوبنان ببێتە غەززەیەکی دیکە."
لە سەرەتای شەڕی غەززەوە لە 7 ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە، حزبوڵڵای سەر بە ئێران وەک هاوسۆزی لەگەڵ حەماس چەندین هێرشی بۆ سەر باکووری ئیسرائیل ئەنجامداوە. ئەم هێرشانە دەیان هەزار ئیسرائیلی ناچار کردووە ناوچەکانی باکوور چۆڵ بکەن.
هەروەها هێرشە بەرپەرچدانەوەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان، دەیان هەزار کەسی ناچار کردووە ماڵ و حاڵی خۆیان لەو ناوچانە بەجێبهێڵن.
هێرشەکانی حزبوڵڵای لوبنان کە گرووپێکی سەر بە ئێرانە، لە هەفتەی ڕابردووەوە لە باکووری ئیسرائیل کە تێیدا یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی ئەو گرووپە لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا کوژرا، چڕتر بووەتەوە.
هاوکات نوێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کەناڵی ئێکس هۆشداری داوە لە دەرئەنجامەکانی شەڕێکی تەواو لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان و ڕایگەیاندووە کە ململانێیەکی لەو شێوەیە دەتوانێت ناوچەکە ڕووبەڕووی شەڕێکی نوێ بکاتەوە کە دەرئەنجامەکەی لەناوبردنی ژێرخانی لوبنان و هەروەها ئیسرائیلیشە.
ئەو نوێنەرە جەختی لەوە کردووەتەوە کە "حزبوڵڵا توانای بەرگری لە خۆی و لوبنانی هەیە".
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سوپای ئیسرائیل پەسەندکردنی "پلانی ئۆپەراسیۆنی هێرشکردنە سەر لوبنان"ی ڕاگەیاند. هەروەها ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هۆشداری داوە لەوەی وڵاتەکەی لە بڕیاری کۆتایی بۆ شەڕێکی تەواو لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنان نزیک دەبێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە ئەمەریکا نیگەرانی خۆی لە دروستبوونی بەرەیەکی دیکەی جەنگ لەدژی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دەربڕیوە.
سەرچاوە/ڕۆیتەرز