Accessibility links

ئەرمینیا بە فەرمی فەلەستین وەک دەوڵەت دەناسێنێت


وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بە فەرمی دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێت.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەرمینیا پشتیوانی لە بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستی کاتی لە شەڕی غەززەدا.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، ئەرمینیا پشتیوانی لە چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ ناوچەکە دەکات.

دەسەڵاتی فەلەستینی کە ئۆتۆنۆمییەکی سنوورداری لە کەناری ڕۆژئاوادا هەیە، پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەرمینیا کرد.

دەسەڵاتی فەلەستینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بڕیاری ئەرمینیا بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستین سوودی بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی هەیە و هاندەرە بۆ ئاشتی و سەقامگیری و ئاسایش.

ئیسپانیا، ئێرلەندا و نەرویج ئەو وڵاتانەی ڕۆژئاوان کە دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا ناوە. لە ئەنجامی ئەم بڕیارەدا ئیسرائیل لە مانگی ڕابردوودا باڵیۆزەکانی لە مەدرید و دبلن و ئۆسلۆ کشاندەوە.

هێرشەکانی ئیسرئیل بۆ سەر حەماس لە کەرتی غەززە پاش 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوو دەستیانپێکرد کاتێک چەکدارانی حەماس هێرشێکی بیپێشینەیان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەپێی بەرپرسانی ئیسڕائیل 1200 کەسییان لەو هێرشەدا کوشت کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون و بێجگە لەوەش نزیکەی 250 کەسیشییان بە بارمتە گرت، کە هێشتا بەشێک لە بارمتەکان لە ژێر دەستی حەماس ماونەتەوە.

ئیسڕائیلیش لە وەڵامدا هەڵمەتێکی سەربازیی لە کەرتی غەززە دەستپێکرد و ڕایگەیاند ئامانج لێی لە ناوبردنی چەکدارانی حەماسە لە غەززەدا. بەرپرسانی تەندروستی غەززەش بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە زیاتر لە 37,000 فەلەستینی کوژراون، دەشڵێن زۆربەی کوژراوەکان ژن و منداڵ بوون.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG