Accessibility links

یەکێتی زانایانی هەرێم: قوربانیکردن فەرز نییە و یەکێکە لە سونەتەکان ئەنجامدانی لە کوردستان باشترە


یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی هەرێمی کوردستان داوا لە نزیکی 5 هەزار حاجی کورد دەکات کە ئێستا لە شانشینی عەرەبستانی سعودیەن و سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ حەجکردن، بەوەی قوربانیکردنی ئاژەڵ لەم ئەرکە ئاینییەدا لە کوردستان بکەن نەک لە سعودییە، بەو پێیەی "لە ڕووی شەرعەوە هیچ کێشەیەکی تێدانییە" و دەبێتە هاوکاری بۆ کەسانی دەستکورت و کەمدەرامەت لە هەرێم کە توانای کڕینی گۆشتییان نییە.

نەجمەدین قادر سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان لە لقی سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "یەکێک لە خواردنە گرانەکان لەهەرێمی کوردستان گۆشتە و کیلۆی گەیشتووە بە 24 بۆ 25 هەزار دینار و خەڵکیش کار و کەسابەتی نییە و ژیانی ناڕەحەتە و مووچە دوادەکەوێت، بۆیە ئەو بڕیارە لە بەرژەوەندی هەژاراندایە، هەروەها قوربانیکردن فەرز نییە و یەکێکە لە سونەتەکان، ئەنجامدانی لە کوردستان باشترە."

وتیشی، "لە سعودیە زۆرینەی حاجیان ئاژەڵەکە هەر نابینن کە دەیکەنە قوربانی و ڕێکخراوە خێرخوازیەکان دێن و دەڵێن ئاژەڵمان هەیە و چەکێکیان بۆ دەکات و پارەکە دەدرێت، یاخود حاجیەکە کەسێک دەکات بە وەکیل و پارەکە بەو دەدات بۆ ئەوەی قوربانیەکەی بۆ بکات. بەڵام ئەگەر لە کوردستان کرا ئەوە بەبڕوای من هەژاران زیاتر سودی لێدەبینن و دەزانرێت گۆشتی قوربانیەکە دەدرێت بە کێ."

حەج کە یەکێکە لە ئەرکە سەرەکییەکان بۆ موسوڵمانان، تێیدا ساڵانە بە ملیۆنان ئاژەڵ وەک قوربانی سەردەبڕدرێن. بە گوێرەی هەندێک لە خەمڵاندنە نێودەوڵەتییەکان، ساڵانە لەم ئەرکە ئاینییەدا نزیکەی 100 ملیۆن ئاژەڵ لە سەرانسەری جیهان دەکرێنە قوربانی؛ وە لە ڕۆژانی ئەنجامدانی حەجدا لە سعودیە زیاتر لە 3 ملیۆن ئاژەل دەکرێن بە قوربانی.

بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی سعودیە کە ساڵی 2019 بڵاویکردۆتەوە، داهاتی وڵاتەکە بە هۆی حەج و عومرە و قوربانیکردنەوە نزیکەی ساڵانەی 12 ملیار دۆلار بووە.

یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دوو شەممە، 10ی شەشی 2024 ، بڵاویکردەوە، "بەو پێیەی ئێستا لەناو ڕۆژانی مانگی زیلحیجە داین و خەڵک بەرەو ئامادەکاری جەژن دەڕوات و خوشک برا حاجییەکانمان نزیک دەبنەوە لە وەرزی حەج، ساڵانەش لەبەر پابەندی ئایینی؛ خەڵکێکی زۆر سوننەتی قوربانی ئەنجامدەدەن، کە خێرو سوننەتێکی گەورە و بەدەمەوەچوونی فەرمانی خوای گەورەیە."

دەشڵێت، لەو سۆنگەوە داوا لە برا حاجیەکانمان دەکەین بە لەبەر چاوگرتنی گوزەران و دۆخی خەڵکی کەمدەرامەت و بواری ئابوروی ناوخۆیی، هەوڵبدەن قوربانیەکانیان لە کوردستان ئەنجام بدەن، چونکە لەرووی شەرعەوە هیچ ئیشکالێک لەوەدا نییە قوربانی لەرێی وەکیلەوە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بکەن، ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی خزم و کەسوکار و خەڵکی هەژار لە رۆژانی جەژن دڵخۆشتر ببن و بەرەکەت و ئاوەدانی پتر بکەوێتەوە."

بە پێی ئامارێکی وەزارەتی ئەوقاف بۆ کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ کۆی گشتی ئەو هاوڵاتیە کوردانەی بە مەبەستی حەجکردن ڕوویان لە وڵاتی سعودیە کردووە بریتیە لە 4 هەزار و 685 کەس بە ڕێگای وشکانی و ئاسمانی گەشتوونەتە ئەو وڵاتە.

دیمەنی ژنێکی هەرێمی کوردستان بە لچکێک کە ئاڵای کوردستانی لەسەر کێشراوە و بەڕێدەکەوێت بۆ ئەنجامدانی حەجی ئەمساڵ.
دیمەنی ژنێکی هەرێمی کوردستان بە لچکێک کە ئاڵای کوردستانی لەسەر کێشراوە و بەڕێدەکەوێت بۆ ئەنجامدانی حەجی ئەمساڵ.


نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف بۆ کاروباری ئاینی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "وەکو وەزارەتی ئەوقاف، پشتیوانی فەتواکەی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان دەکەین و لە جێگای خۆیەتی، چونکە خەڵکانێکی زۆر هەن لە کوردستان باری داراییان باش نییە."

دەگوترێت زۆرینەی حاجیانی جیهان کاتێک لە وڵاتی سعودیە قوربانی دەکەن، بە هیچ شێوەیەک ئاژەڵەکە نابینن و تەنها پارەکە دەدەن بە ڕێکخراوە خێرخوازییەکانی ئەو وڵاتە.

محەمەد عەلی خاوەنی کۆمپانیای حەج و عەمرە لە هەولێر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەر حاجییەک بەلای کەمەوە 300 بۆ 400 دۆلار دەدات بە ئاژەڵێک بێ ئەوەی بیبینیت، ئیدی نازانرێت ئەو قوربانیەی بۆ دەکرێت یاخود نا، بۆیە قوربانیکردن لە کوردستان باشترە هەتا سعودیە."

نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف بۆ کاروباری ئاینی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەوەی حاجیانی کورد تا چەند لە سعودیە ئەو پارەیەی دەیدەن قوربانیەکەیان بۆ دەکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " ئێمە وەکو وەزارەت ئاگاداری ئەوەنین کە ئایە حاجیان لە سعودیە قوربانیان بۆ نەکرابێت، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەو بڕیارەداین کە لە هەرێمی کوردستان قوربانیەکان بکرێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:23 0:00
XS
SM
MD
LG