هەریەک لە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆک وەزیران ئەمڕۆ بە جیا موژدەی نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی قەیرانی مووچەی کەرتی گشتیان دا لە هەرێمی کوردستان؛ ڕێواز فایەق سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمانیش دەڵێت پێشهاتەکە "بەرهەمی بڕیاری ویژدانی سەرۆک و ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی و پێداگری و ئازایەتی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو و ئەو ژن و پیاوە ژیرانەیە کە متمانەیان بە دادپەروەریی دادگا باڵاکەی عێراق کرد و سکاڵایان بردە بەردەستی."
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ی شەشی 2024، ڕایگەیاند، "دەمەوێ جارێكی تر لێرەوە سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی هاووڵاتیان و بە تایبەتی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بكەم كە پاڵپشت و پشتیوان و پشوودرێژ بوون و خۆڕاگر بوون بەرامبەر ئەو پیلانەی هەندێك كەس و لایەن بۆ مەرامی تایبەتیی خۆیان ویستیان قەوارەی هەرێمی كوردستان بەوە لاواز بكەن كە داوای ئەوە بكەن كە مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان دابەش بكرێتە سەر پارێزگاكان. خۆڕاگریی ئێوە وایكرد ئەم پیلانە سەرنەگرێت و ئێمە بەردەوام لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی فیدڕاڵ لە پەیوەندیدا بووین و گەیشتووینەتە قۆناغی كۆتایی."
لێدوانەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە میانەی کردنەوەی کۆمپانیایەک بوو لە شاری هەولێر تایبەت بە کاروباری پۆستە و گەیاندن.
مەسرور بارزانی وتیشی، "هیوادارین لە ماوەیەكی نزیك لە پێش جەژن، تەواوی مووچەی مانگی چواری هێزە ئەمنییەكان و هی مانگی پێنجیش بۆ هەموو هاووڵاتیان دابین بكرێت. هیوادارم چیتر بابەتی مووچە نەبێتە هەواڵ و نووچەی میدیاكان و ئێمە بتوانین پەیوەندییەكانی خۆمان لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی بخەینە ئاستێكی دروست و بەرەو پەیوەندیی باشتریش هەنگاو بنێین."
دوێنێ شەممە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند ئەمڕۆ یەکشەممە مووچەی مانگی پێنجی خانەنشینانی مەدەنی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دابەش دەکات.
بڕیارەکە دوای ئەوە هات ڕۆژی پێنجشەممە، 6ی شەشی 2024، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 107 ملیار دیناری گواستەوە بۆ سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان.
حکومەتی عێراق تا ئێستا مووچەی مانگی چوار و پێنجی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئاسایشییەکانی تری هەرێمی کوردستانی نەناردووە. بەڵام بەرپرسانی هەرێم دەڵێن دوای ڕازیبوونی حکومەتی هەرێم بە ناردنی ناو و تەواوی زانیاری بەشێکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکان، پێشبینی دەکەن ئەم کێشەیە چارەسەرببێت.
وەک ئاماژەیەک بە مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگا ئاسایشییەکانی تر، وەزارەتی دارایی هەرێم لە ڕاگەیێندراوەکەی دوێنێیدا دەڵێت، "دوای گەیشتنی تەمویلی وەزارەت و دامودەزگاکانی تر لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە، ڕاستەوخۆ خشتەی مووچەی ئەو دامودەزگایانەش ڕادەگەیەنرێت."
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم ئەمڕۆ ڕایگەیاند کێشەی موچەی هێزە ئاسایشییەکانی هەرێم و کەرتی گشتی بەرەوە "چارەسەرێکی ڕیشەیی" دەڕوات.
لیدوانەکەی قوباد تاڵەبانی بۆ ڕۆژنامەنوسان لە میانی سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بوو بە مەبەستی کردنەوەی پڕۆژەیەک و دانانی بەردی بناخەی چەند پڕۆژەیەکی دیکە.
جێگری سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند هەتاوەکو سبەی ناو و لیستی مووچەی پێشمەرگە و هێزە سەربازییەکان دەنێردرێتە بەغدا. وتیشی، ''گەشبینم هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە داهاتوویەکی نزیکدا دەستپێبکاتەوە.''
قوباد تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە، ''دڵنیام لە داهاتوویەکی نزیکدا کێشەی نەوتیش چارەسەر دەبێت، ئەوکات ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانین بگەڕێینەوە سەر کاری لەپێشینەی خۆمان، کە چۆن باشتر خزمەتگوزاری بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بگەیێنین.''
هاوکات ڕێواز فایەق لە تۆڕی کۆمەڵایتی ئێکس باسی لە هۆکارەکانی "مسۆگەر بوونی مووچە" کرد و ڕایگەیاند، "بەرهەمی بڕیاری ویژدانی سەرۆک و ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی و پێداگری و ئازایەتی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو و ئەو ژن و پیاوە ژیرانەیە کە متمانەیان بە دادپەروەریی دادگا باڵاکەی عێراق کرد و سکاڵایان بردە بەردەستیان."
بەبێ ئاماژەکردن بە هیچ ناوێک، سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "خەسڵەتی سەرەکی بەشێک لە کەسایەتییە سیاسییەکان ئەوەیە کە بەردەوام بیانوو بە دوژمنی وەهمی بهێننەوە دۆخی گشتی وەک دەرئەنجامی تیۆری پیلانگێڕی پیشانی خەڵک بدەن."
ڕێواز فایەق سەرنجدەخاتە سەر ملکەچبوونی هەرێم بە داواکارییەکانی عێراق "بە ڕادەستکردنی ناو و زانیاریی هێزە ئەمنییەکانەوە، بە قبووڵکردنی ووردبینی چاودێری دارایی فیدراڵییەوە، بە ڕادەستکردنی نیوەی داهاتە فیدراڵییەکانی هەرێمەوە، بە جێبەجێکردنی ئاست دوای ئاستی مەرجەکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵییەوە، بە شکاندنی غروری ناواقعی و پێداگریی بێ کردارەوە."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆکی پێشووی پەرلەمان دەشڵێت، "دواجار دادگاکە هەردوو سەرۆک حکومەتی بەغداد و هەولێر، هەردوو وەزیری دارایی و کۆی دامەزراوەکانی هەردوو حکومەتی ملکەچی دادپەروەریی کرد، لەو نێوەندەش خەڵک ئەوەندە هوشیارە کە پاڵەوانە ڕاستەقینەکانی خۆی دەناسێت و بۆ ناسینەوەیان زرمە زرمی دەهۆڵی دووری پێویست نیە."
هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014وە توشی قەیرانی کەمی مووچە بووە و لە مانگی سێی ساڵی ڕابردووەوە توانای دابینکردنی مووچەی بە تەواوی لەدەستداوە بەهۆی بڕیاری ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەکەی لەلایەن تورکیاوە.
ڕۆژی 21ی مانگی دووی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق لە بڕیارێکدا حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی پابەندکرد بە دابینکردنی مووچە لە ڕێگەی "تەوتین" و کردنەوەی هەژماری بانکی فیدڕاڵی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.