Accessibility links

دواجار حکومەتی هەرێم ڕازی بوو لیستی مووچەی هێزە ئاسایشییەکان ڕادەستی دیوانی چاودێری عێراق بکات


بە پێی نوسراوێکی فەرمی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە کۆپییەکی دەستی دەنگی ئەمەریکا کەوتووە، حکومەتی هەرێم داوای ئامادەکردنی لیستی ناو و تەواوی وردەکاری لیستی مووچەی هێزە ئاسایشییەکانی لە هەریەکە لە وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ کردووە کە ڕادەستی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و فیدڕاڵ بکرێت بە مەبەستی وردبینی و چارەسەر کردنی شایستە داراییەکانی ئەو هێزانە، سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتیش نوسراوەکەی پشتڕاست کردەوە.

لە نوسراوە فەرمیەکەدا کە واژۆی دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی لەسەرە، داوا دەکات هەریەکە لە وەزارەتەکانی ناوخۆ، پێشمەرگە، یەکەکانی 70 و 80، فەرماندەی پێشمەرگەی زێرەڤانی، فەرماندەی بەرگری و فریا کەوتن، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پاراستنی نەوت و گاز لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کاری پێویست ئەنجام بدەن تایبەت بە ئامادەکردنی ناو و تەواوی وردەکاری لیستی مووچەکانیان و ڕادەستکردنی بە دیوانی چ اودێری هەرێم و عێراق بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی مووچەی سەرجەم ئەو هێزانە.

لە نوسراوەکەدا هاتووە،" ئامادەکردن و ناردنی لیستی مووچەی مانگی ئایاری ساڵی 2024 بە پێی لیستی فەرمی کە ناوی سیانی و مووچەی بنەڕەتی و تەواوی دەرماڵە و لێبڕینەکانی پێویست لە خۆبگرێت بۆ هەژمارکردنی مووچەی هەر کارمەندێک و ناردنیان بۆ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی و ئابوری، پاش وردبینی کردنیان لەلایەن یەکەکانی وردبینی ناوخۆ یاخود گەنجینەی تایبەتمەند بە هەر دام و دەزگایەک، کە پێشووتر بە شێوەی لیستی بە کۆد بۆیان نێردراوە."

بەڵگە
بەڵگە

لە خاڵی دووەمی نوسراوەکەشدا داوا دەکات بە،" ئەنجامدانی هەماهە نگی تەواو و پێشکەشکردنی ئاسانکاری پێویست بۆ تیمەکانی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و فیدڕاڵ لە کاتی سەردانیان بۆ وردبینی ئەم با بەتە."

ڕەزامەندی حکومەتی هەرێم بە ڕادەستکردنی ناو و لیستی مووچەی هێزە ئاسایشییەکان لە کاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە دوو مانگە مووچەی هێزە ئاسایشییەکانی هەرێم دابەش نەکراوە بەهۆی ڕەزامەند نەبوونی حکومەتی هەرێم بە ڕادەستکردنی ناوی هێزە ئاسایشییەکان بە لیست و ناو بە وەزارەتی دارایی عێراق.

حکومەتی هەرێم بەردەوام جەختی دەکردەوە لەوەی کە ڕادەستکردن ناو و لستی هێزە ئاسایشییەکان مەترسی دروست دەکات لەسەر "ئاسایشی نیشتیمانی" بۆیە ئامادە نین لیست پێشکەش بکەن، بەڵام بە پێی ئەم نوسراوە بێت حکومەتی هەرێم ڕەزامەند بووە بە ڕادەستی ناو و تەواوی وردەکاری ‌هێزە ئاسایشییەکان بە بەغداد.

مانگی 2 ی ئەمساڵ حکومەتی هەرێم کۆدی هێزە ئاسایشییەکانی ڕادەستی بەغداد کرد، هەرچەندە مووچەی مانگەکانی دوو و سێ بە کۆد لەلایەن عێراقەوە نێردرا، بەڵام مانگی چوار مووچە کێشەی تێکەوت.

ئەمڕۆ 7ی مانگی شەش وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە بەشیک لە میدیاکانی ڕایگەیاند،" ڕۆژی پێنج بە فەرمی پەیوەندیان بە وەزارەتی دارایی عێراقەوە کردووە سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی مووچەی هێزە ئاسایشییەکان، بەڵام بە پێی قسەی وەزارەتەکە لەوەڵامدا تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق وتویەتی "مووچە بە کۆد نانێرم، دەبێت ناوی چواری سەرجەم هێزە ئەمنییەکان بە لیست بنێردرێت".

بەو پێیە بێت لە دوای ڕادەستکردنی لیستی ناوی هێزە ئاسایشییەکان،کێشەی مووچەی ئەو هێزانە چارەسەر دەبێت و مووچەکانیان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەنێردرێت.

لەسەر ئەم پرسە دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرچاوەکە تەواوی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکای پشتڕاستکردەوە بێ ئەوەی ناوی بهێندرێت.

سەرچاوەکە وتی،" بەڵێ ڕاستە لیستی ناو داوا کراوە و نوسراوەکە گەیشتۆتە وزارەتی ناوخۆ، پێشمەرگە، یەکەکانی 70 و 80، زیرەڤانی و بەرگری وفریاکەوتن، دەبێت هەمووان لیست ئامادەکەن بە پێی نوسراوەکە و تسلیم بکرێ بە ڕەقابەی مالی عێراق و هەرێم."

وتیشی،" دەبێت ئەم کێشەیە چارەسەر ببێت لە کۆتایدا، بەڵام دەبێت چاوەڕێی ڕەخنە و تێبینی رقابەی مالی حکومەتی فدراڵ بکەین لە حاڵەتی بوونی کەم و کورتی."

XS
SM
MD
LG