Accessibility links

کەی 'تەوتین' لە هەرێمی کوردستان تەواو دەبێت؟


بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بەمووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کە بڕگەیەکی تایبەت بوو بە شێوازی پێگەیشتنی مووچە بەفەرمانبەران لەڕێگای پڕۆسەی تەوتین-ەوە سێ مانگ زیاتری تێپەڕاند و بەرەو چوارەم مانگ دەڕوات، بەڵام هێشتا هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق لە کێشمەکێشمی پڕۆژەکانی خۆیاندان بۆئەوەی ئەژماری بانکی بکەنەوە بۆ فەرمنبەرانی هەرێم.

حکومەتی هەرێم، پێداگری لەسەر پڕۆژەی هەژماری من دەکاتەوە کەچەند بانکێکی ناحکومی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، هەرچی حکومەتی فیدراڵی عێراقیشە، جەخت دەکاتەوە لەسەر تۆمارکردنی ناوی فەرمانبەرانی هەرێم لە پڕۆژەی تەوتین (جێگیرکردن)ی حکومەتی هەرێم لە بانکەکانی( ڕافیدەین، ڕەشید و تی بی ئای)، لە دواجاردا حکومەتی هەرێم بەپێی ڕاگەیەنراوەکانی خۆی ڕازی بوو بەچەند قۆناغ بە چەند سەدییەک ناوی فەرمانبەران بداتە بانکی تی بی ئای، پەرلەمانتاران و پسپۆڕانیش جەخت لەوەدەکەنەوە جێبەجێ نەکردنی تەوتین بەزوویی گرفت لە بەردەم مووچەی مانگەکانی داهاتووی فەرمانبەرانی هەرێم دروست دەکات بۆیە پێویستە بەزوترین کات ئەو پڕۆسەیە ئەنجامبدرێت.

ئایا پڕۆسەی تەوتین یان ئەوەی هەموو فەرمانبەرانی هەرێم ئەژماری بانکیان هەبێت و مووچە لەو ڕێگایەوە وەربگرن کەی تەواو دەبێت؟

ئایا جێبەجێنەکردنی ئەو پڕۆسەیە بەزوویی چ کاریگەرییەکی لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەبێت؟

ئایا چارەسەری مامناوەند لەنێوان تەوتین و هەژماری من چییە؟ تا کاریگەری نەکاتە سەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژی دەنگی ئەمەریکا تاوتوێی ئەم پرسیارانە دەکرێت بە میوانداری ئەم بەڕێزانە:

کامەران ئەحمد حمە، دکتۆرا لە دارایی گشتی و چاکسازی ئابوری و

مامۆستا لە کۆلێجی کارگێڕی و ئابوری - بەشی ئابوری.

گوڵاڵە سدیق، ماستەر لە بواری کارگێری کار، شارەزای دادوەری بۆ کاروباری دارایی و بانک.

ئەرشد حاجى سديق، مامۆستاى زانكۆ- شارەزا له بوارى ژمێريارى و كارگێرى دارايى.

please wait

No media source currently available

0:00 1:05:51 0:00

گوڵاڵە سدیق:

گوڵاڵە سدیق
گوڵاڵە سدیق

ئێمە دژی سیستمی بەبانکی کردن نین، بەڵکو پێویست بوو حکومەتی هەرێم هەوڵی گەڕانەوەی متمانەی خۆی بدات کە هاووڵاتی متمانەی پێییان نەماوە.

حکومەتی هەرێم دەبوو پڕۆژەی هەژماری منی لە بانکە حکومیەکاندا جێگیربکردایە نەک لە بانکە تایبەتییەکاندا دایبنێ کە ئامانج لێی سود و قازانجی کەسی و تایبەتە، چونکە مانگانە ئەو بڕە پارە زۆرەی دێت بۆ مووچەی فەرمانبەران ٩٥٠ ملیار دینار دەبێتە سەرمایەیەکی گەورە بۆ ئەو بانکانە.

حکومەتی هەرێم دەیتوانی بۆ پیشاندانی نییەت پاکی خۆی هەژماری بۆ فەرمانبەران بکردایەوە و ئەو مووچە پاشەکەوتکراوەی لایەتی بیخستایە سەر هەژماری هەر فەرمانبەرێک ئاسایی بوو نەتوانرایە بەکاش ڕایبکێشین بەڵام وەک ژمارە بمانتوانیایە بەکاری بهێنین و مامەڵەی پێوەبکەین بۆ دانی باج و پارەی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاری و بازاڕ، ئەمەش دەبووە هۆی کەمکردنەوەی مامەڵە بەکاش. جا حکومەتی هەرێم کە متمانەی بەئێمەی فەرمانبەر نەەت کەمووچە پاشەکەوتکراوەکانمان بەژمارە بۆ بخاتە سەر ئەژمارێکی بانکی ئەی چۆن بەئێمەی فەرمانبەر دەلێت وەرە ئەژماڕێک بکەرەوە بەژمارە لەبانکێکی ئەهلی.

حکومەتی هەرێم دوو جار غەدری لەفەرمانبەران کردووە، جارێک بەهێنانە پێشەوەی بانکە ئەهلییەکان، دووەم، لەکاتێکدا کە ناوی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت بۆ بانکی تی بی ئای بەڕێژەیەکی زۆر کەم و وەک کڵاو کڵاوێن چەند سەد کەسێک هەڵدەبژێرێت و دەینێرێت کەئەمە بەڕاستی پڕۆسەی تەوتین نییە، بەڵکو ئەوە گاڵتە پێکردنی شعوری فەرمانبەرانە کە لە مانگێکدا ٨٠٠ ناو بنێریت لە کۆی ملیۆنێک فەرمانبەر، باشە ئەمە دەبێت چەند ساڵ و چەند مانگ بخایەنێت! لە لایەکی تریش ئەوەیە کە بەڕاستی نییەتی باش پیشان نادات بەرامبەر جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق.

هەژماری من کە دەڵێن نۆزدە خزمەتگوزاری هەیە کوا ئێمە هیچمان نەبینیووە، ئەگەر ئەوان قەرز بەخزمەتگوزاری دەزانن، قەرز خزمەتگوزاری نییە هەموو بانکێک دەیدات، قەرز تەنها وەرگرتنەکەی خۆشە دواتر دەبێت بە سودەوە بدرێتەوە، ئەگەر باسی ئەوە دەکەن ئەوە مەرکەزیەتە و حکومەتی عێراق دەیەوێت مەرکەزیەت بسەپێنێ، باشە بۆ لەسلێمانییەوە ئەگەر فەرمانبەرێک سەد هەزار مینحەی بۆ بنوسرێت دەبێت بە نوسراوی ڕەسمی بنێردرێت بۆ هەولێر لەوێوە ڕەزامەندی دەرببڕێت ئنجا ئەگەر بینێرن، ئەی بۆ حکومەتی هەرێم مەرکەزیەتی بۆ خۆی قبوڵە بەڵام باسی قبوڵ نەکردنی مەرکەزیەت دەکەن!

کامەران ئەحمد حەمە:

دکتۆر کامەران ئەحمەد
دکتۆر کامەران ئەحمەد

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو تیۆرە ئابورییەکان چۆتە دەرەوە،. لە ٢٠١٤وە کە ئابوری سەربەخۆی ڕاگەیاندووە شکستی هێناوە بەڵام نایەوێت ڕایبگەیەنێت، لەکوردستاندا شتێکمان نییە بەناوی سیاسەتی نەختینەیی، حکومەتی، ئێستا ئێمەی هاووڵاتی لە کوردستاندا متمانەمان بەبانکە حوکمیەکان نییە، چ جای ئەو بانکە ئەهلییانەی کە کۆمەڵێک بەرپرسیان لە پشتە کە چارەنوسی ئابوری ئەم وڵاتەیان بەقوڕ گرت و وایان لێکردین، کەواتە من چۆن متمانە بەفڵانە بانک بکەم؟! ئێستا لەم سلێمانییە لە ١٠٠% ی خەڵک هەژماری من ڕەتدەکاتەوە، ئەوەشی کردویەتیەوە بەزۆر پێییان کردونەتەوە و ئێستا دەیانەوێت بیگوازنەوە سەر تی بی ئای،بەڵام ئێستا کە تی بی ئای هاتووە من خۆم کەهەفتەی ڕابردوو هاتنە زانکۆ بانکی تی بی ئای-م هەڵبژارد.

زۆر شتێکی شارستانی و ژیارییە کەخەڵک پارە لە ماڵ دانەنێ و لە بانک پارە دابنێ، ئێستا کە دەڵێن ئێران دواکەوتووە بەڵام خەڵک پارە لە ماڵ دانانێ و هەمووی کریدت کارتی هەیە، منیش حەزدەکەم کەکریدت کارتم هەبێ و لەهەموو مامەڵەیەکدا بەکاری بهێنم، خۆزگە حکومەتی هەرێم بۆ یەکجاریش بووایە بڵێ هەڵەبووم خۆ دنیا کاول نابێ، ئێستا هاتووە هەژماری من-ی هێناوە، ئەو عمولەیەی کەهەژماری من وەریدەگرێت، خەڵک حەزناکات بچێتە ناو گیرفان و بانکی بەرپرسەکانی هەرێمەوە چونکە خەڵک ئەوەندە بێزار بووە لێییان.

ئەم هەژماری منە باڕاستگۆ بین ئەو تەوتینە نییە کەحکومەتی عێراق داوای دەکات.

ئەگەر بەم چکە چکەی حکومەتی هەرێم بێت کەناوی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت بۆ بانکی تی بی ئای بۆ تەوتین ڕەنگە بەبیست ساڵی تر تەوتینی فەرمانبەرانی هەرێم تەواو ببێت.

لە ئەنجامدا هەر حکومەتی فیدراڵی لە پڕۆژەی تەوتین کردنی فەرمانبەرانی هەرێم سەرکەوتوو دەبێت، چونکە عێراق ئابوریەکەیان بەهێزە، ڕۆژانە نزیکەی سێ ملیۆن و نیو بەرمیل نەوت دەفرۆشن،هەر لەم مانگەدا هەشت ملیار دۆلاری بۆ هاتۆتەوە و بەردەوامیش بۆ دێتەوە جگە لەو هەموو یەدەگە ئاڵتونەی هەیەتی، ئێمەش هەر دەممان دەکەینەوە دەڵێیین، ٣٢ملیۆن قەرزارین، من وەک ئابوریناسێک سەیری دەکەم لەئەنجامدا هەردەبێت حکومەتی هەرێم پاشەکشە بکات.

ئەرشەد حاجی سدیق:

ئەرشد حاجى سديق
ئەرشد حاجى سديق

خەڵک لە سەرەتادا وایدەزانی هەژماری من کارتێکە کە حکومەت بۆ هاووڵاتی دەردەکات و ئەژمارێکی بۆ دەکاتەوە، بەڵام ئەمە شتێکی جیاوازە کە حکومەتی هەرێم لەمکاتەدا دەستی بۆ بردووە، چونکە ئێمە کۆمەڵێک کێشەمان هەبوو لەدوای ساڵی ٢٠١٢ کەحکومەتی عێراق شایستە داراییەکانی هەرێم و مووچەی فەرمانبەرانیشی نەدەنارد، ئەمەش وایکرد کە پارەی نەقد کەمبێتەوە، ئەمەش وایکرد حکومەت دەستببات بۆ ئابوری سەربەخۆ.

پڕۆژەی هەژماری من لەژێر ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندی عێراقە کە حکومەتی هەرێم دەستی بۆ بردووە، کەکۆمەڵێک بانک هکومەتی هەرێم کۆمەڵێک مە رجی بەسەردا سەپاندن، یەک لەوانە نزیکەی نۆزدە خزمەتگوزاری سەپاند بەسەر ئەو بانکانەدا کە ئەوەندەی من بەدواداچونم کردووە لەبانکەکانی حکومەتی فیدراڵی عێراق نییە.

حکومەتی عێراق کۆمەڵێک بانکی دیاریکردووە کە لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون و بەشداربوون لەناردنە دەرەوە و سپیکردنەوەی پارەدا، دوای ئەوە حکومەتی عێراق دەیەوێت بەرەو مەرکەزییەت بڕوات و هەنگاوەکانی بۆ ئەوە ناوە،ئەوەندەی من بەدواداچونم کردووە پێش بەرنامەکە لە هەژماری من ٤٠٠ هەزار فەرمانبەر خۆی تۆمارکردووە،دوای ئەوە کاتێک حکومەتی عێراق دەڵێت تەنها بانکە حکومیەکان ئەی ئەوە ستەم نییە لە بانکە ئەهلییەکان دەکرێت، ئەگەر باسی سەپاندنی هەژماری من دەکەن، ئەی ئەوە سەپاندن نییە حکومەتی عێراق دەیسەپێنێ؟!کەواتە حکومەتی هەرێمیش مافی خۆیەتی ڕەتیبکاتەوە،بەڕاستی ئەمە ئێستا بۆتە کێشەیەکی سیاسی لەنێوان هەرێم و بەغداد، تەنها بۆ سەپاندنی مەرکەزیەتە بەسەر هەرێمدا ئەوە.

هەژماری من و تەوتین جیاوازییان نییە، بەڵکو تەنها ئەوەیە حکومەتی عێراق دەیەوێت بەلای خۆیدا ڕایبکێشێت، حکومەتی هەرێمیش دەیەوێت بەرگری لە مافەکانی هەرێمی کوردستان بکات، بەرگری کردن لە هەژماری من بۆ ئەوەیە کەسێکتەری بانکی لەهەرێمی کوردستان ببوژێنێتەوە.

XS
SM
MD
LG