Accessibility links

پێشڕەوی تانکەکانی ئیسرائیل بۆناو قوڵایی ڕەفەح؛ زیاتر لە 800 هەزار فەلەستینی لە باشووری غەززە هەڵاتوون

تانکەکانی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە بەردەوام بوون لە ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانیان لە باشووری غەززە و تا ناوچەیەکی زۆر قەرەباڵغ لە دڵی ڕەفەح پێشڕەوییان کرد.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، پێش ئەم پێشڕەوییە سەربازییە، سوپای ئیسرائیل یەکێک لە توندترین بۆردومان و هێرشە ئاسمانییەکانی لە شەوی ڕابردووا بۆسەر ناوچەکانی باشووری غەززە دەستپێکرد.

هەروەها هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری ڕەفەح لە بەشی باشووری کەرتی غەززە بووەتە هۆی ئەوەی سەدان هەزار کەس لە فەلەستینییەکان کە لەو ناوچەیە پەنایان گرتبوو، هەڵبێن.

دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین لە غەززە ڕایگەیاندووە تا ڕۆژی دووشەممە زیاتر لە 800 هەزار کەس لە ڕەفەح هەڵاتوون لەو کاتەوەی ئیسرائیل لە سەرەتای مانگی پێنجەوە دەستیکردووە بە بەئامانجگرتنی شارەکە.

هاوتەریب لەگەڵ ئەم هێرشانەدا، سوپای ئیسرائیل ڕێگا سەرەکییەکانی گەیشتن بە یارمەتیی مرۆیی بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی فەلەستینی لە غەززە داخستووە، بەمەش نیگەرانییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبارەی زیادبوونی قوربانییەکان و بڵاوبوونەوەی برسێتی زیاتر بووە.

ئیسرائیل دەڵێت بۆ لەناوبردنی چەکدارانی حەماس و بنبڕکردنی ئەو ڕێکخراوەیە، سەرەڕای دژایەتییکردنی هاوپەیمانانی ڕۆژئاوای، بەڵام هیچ ڕێگەیەکی دیکەی نییە جگە لە هێرشکردنە سەر شاری ڕەفەح.

هەر بۆیە لە سەرەتای ئەم مانگەوە سەربازانی ئیسرائیل دەستیان بە پێشڕەوی کردووە بەرەو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕەفەح لە باشووری غەززە.

ئیسرائیل هێرشی خۆی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد دوای هێرشێکی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل لە 7ی مانگی دە کە تێیدا چەکداران هەزار و 200 کەسیان کوشت و زیاتر لە 250 کەسیان بە بارمتەیان گرت. بەگوتەی دەسەڵاتدارانی تەندروستی غەززە لەو کاتەوە تا ئێستا بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، زیاتر لە 35 هەزار کەس کوژراون و هەزاران کەسیش بوون بە ژێر داروپەردووەکانەوە.

سەرچاوە/رۆیتەرز

This item is part of
XS
SM
MD
LG