Accessibility links

ئاژانسەکانی ئێران هەواڵی پێچەوانەی یەکتر بڵاودەکەنەوە لەسەر دۆزینەوەی سەرۆکی ئێران


مانگی سووری ئێران نکوڵی لە هەواڵەکانی دۆزینەوەی پارچەکانی ئەو هەلیکۆپتەرە دەکات کە ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی ئێران و ئەمیر حوسەین عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوە و ژمارەیەک کاربەدەستی تریا تیادابوون و لە ڕێی گەڕانەوەیدا کەوتۆتە خوارێ لە ناوچە سنورییەکان لەگەڵ ئازەربایجاندا.

ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز، تەلەفزیۆنی فەرمی ئێرانی وەک سەرچاوە ڕاگەیاند بەوەی وترابوو " دەستە و تاقمە فریاگوزارییەکان، پارچەی هەلیکۆپتەرەکەی سەرۆکی ئێرانیان دۆزیوەتەوە." بەڵام ئاژانسی نیمچە فەرمی میهر لە زاری کاربەدەستانی مانگی سووری ئێرانەوە دەڵێت "بڵاوبوونەوەی هەواڵی دۆزینەوەی هەلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی ئێران و یاوەرەکانی، هەواڵێکی ڕاست نییە."

ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران لە پەیوەندی بەو بابەتەوە بە ئاژانسی ئێرنای ڕاگەیاندووە "پێویستە لە سەرچاوە ڕاست و دروستە فەرمییەکانەوە چاودێریی هەواڵەکان بکرێن و ئەو بابەت و قسە وباسانەی لە کەناڵە جیا جیاکانەوە باس دەکرێن، هیچ بنەمایەکیان نییە و ناشسەلمێندرێن."

ئاژانسەکانی هەواڵ لە ئێران، زانیاری دژ بە یەک بڵاودەکەنەوە، لەوانە ئاژانسی ئێرنا ڕایگەیاند دەستە و تاقمە فریاگوزارییەکان گەیشتوونەتە ئەو شوێنەی هەلیکۆپتەرەکەی لێ کەوتۆتە خوارێ، بەڵام پەیامنێرێکی ئاژانسی میهر لە هەمان کاتدا ئەو زانیارییەی بڵاوکردۆتەوە کە دەستە و تاقمە فریاگوزارییەکان، دوو کیلۆمەتر دورن لە شوێنی کەوتنی هەلیکۆپتەرەکەوە.

هەرچۆنێک بێت، زۆرێک لە سەرچاوەکان لەناو ئێرانەوە جەخت دەکەنەوە لەوەی، ناوچەکە شاخاوییە و بەهۆی تەمومژ و بارانیشەوە، پرۆسەی گەڕانی تیمەکان قورس بووە.

ئیبراهیم ڕەئیسی، لە ساڵی 2021دا بە سەرۆکی ئێران هەڵبژێردرا و لەو کاتەیشەوە فرمانیدا بە توندکردنی یاسا و ڕێساکانی پەیوەندییان هەن بە دۆسێکانی ئاکارەوە و هەر خۆیشی سەرپەرشتی هەڵمەتەکانی سەرکوتکردنی ئەو شەپۆلی ناڕەزاییانەی کردووە کە دژی حکومەت کراون و لەسەر ئاستی نێونەتەوەییش فشاری زۆر توندی بەکارهێناوە لە وتووێژە ناوکییەکانی ئێراندا لەگەڵ زلهێزەکانی جیهاندا.

ئەلحوڕە، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG