ئاژانسی هەواڵی فەرمی حکوومەتی ئێران، ئیرنا، لە زاری فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامییەوە بڵاوی کردەوە کە "شوێنی تەواوی" هەلیکۆپتەرەکەی هەڵگری سەرۆککۆماری ئێران دەستنیشان کراوە.
فەرماندەی سوپای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات راگەیاندووە "سیگناڵێک لە هەلیکۆپتەرەکە و مۆبایلی یەکێک لە تیمەکانی فڕۆکەوانی لە شوێنی ڕووداوەکە نێردراوە."
گوتیشی "هێزە سەربازییەکان بەرەو ناوچەی مەبەستە دەڕۆن."
یەعقوب سولەیمانی، ئەمینداری گشتی مانگی سووری ئێران ڕایگەیاندووە "15 تیمی ئۆپەراسیۆنی وەڵامدانەوەی خێرا" چوونەتە ئەو ناوچەیەی کە هەلیکۆپتەرەکە تێیدا تووشی رووداو بووە و گوتیشی "پێنج تیمی ئۆپەراسیۆنی مانگی سووریش لەو شوێنە نزیکبوونەتەوە کە باس دەکرێت شوێنی تەواوی ڕووداوەکەیە."
ئەمڕۆ یەک شەممە، کاتژمێر یەکی پاشنیوەڕۆ بە کاتی تاران هەلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران لە ڕێگای گەڕانەوەی بۆ تەورێز تووشی ڕووداو بوو. ڕەئیسی بە مەبەستی کردنەوەی بەنداوێکی هاوبەش لەگەڵ کۆماری ئازەربایجان لەسەر ڕووباری ئەرەس گەشتێکی کردبوو بۆ پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات.
ڕەئیسی سەرۆککۆمار، حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە، محەمەد عەلی ئەلهاشم، ئیمامی تەورێز ، مالیک ڕەحمەتی، پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، لەگەڵ تیمی فڕین و بەرپرسی ئاسایش و یەکێک لە پاسەوانەکان لەناو هەلیکۆپتەرەکەدا بوون.
ئۆپەراسیۆنی گەڕانی تیمەکانی فریاگوزاری لە کەشوهەوایەکی نالەبار و تەمێکی زۆردا بۆ دۆزینەوەی ئەو هەلیکۆپتەرەی هەڵگری سەرۆک کۆمارە بەردەوامە.
ڕێبەری ئێران داوای لە هەموو لایەک کردووە دوعا بۆ سەرۆککۆمار بکەن و وتی "هیچ پەککەوتنێک لە کارەکانی وڵاتدا ڕوونادات".