Accessibility links

بەهای تمەنی ئێرانی بەهۆی ڕووداوی هەلیکۆپتەری سەرۆککۆماری ئێران دادەبەزێت


دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڕووداوی هەلیکۆپتەری هەڵگری ئیبراهیم ڕەیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە ناوچەیەکی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، بەهای تمەنی ئێرانی دادەبەزێت و نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازادی ئێراندا زیاتر دەبێت.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە 19ی مانگی پێنج، نرخی هەر دۆلارێک بۆ 60 هەزار و 650 تۆمان بەرزبووەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە دوێنێ نرخی هەر دولارێک 57هەزار و 500 تۆمان بووە.

چەند سەعاتێک دوای بڵاوبوونەوەی یەکەمین هەواڵەکان سەبارەت بە ڕووداوی هەلیکۆپتەری هەڵگری ئیبراهیم ڕەئیسی، میدیاکان و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی باس لەوە دەکەن کە هێشتا شوێنی ئەگەری کەوتنەخوارەوەی ئەو کۆپتەرە نەدۆزراوەتەوە. بەپێی هەواڵی میدیا ئێرانییەکان، "ناوچەکە زۆر تەماوییە" و لەبەر ئەم هۆکارەش گەڕان بۆ دۆزینەوەی کۆپتەرەکە "ئەستەمە".

سەرەڕای ناردنی لانیکەم 40 تیمی وەڵامدانەوەی خێرای ڕێکخراوی مانگی سوور بۆ ناوچەکە، هێشتا تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری نەیانتوانی کۆپتەرەکە بدۆزنەوە.

هەر لەم چوارچیوەیەدا یه کێتیی ئەورووپا ڕایگەیاندووە ئێران داوای یارمەتی و هاوکاری کردووە لەو یەکێتییە بۆ دۆزینەوەی هەلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم ڕەیسی.

کۆمیساری بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی یەکێتی ئەوروپا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاندووە کە یەکێتی ئەوروپا بەرنامەی وەڵامدانەوەی خێرای خزمەتگوزاری نەخشەسازی مانگی دەستکردی کۆپەرنیکی لەسەر داوای ئێران چالاک کردووە.

بەڕێوەبردنی فریاگوزاری کۆپەرنیک گەورەترین بەرنامەی چاودێری زەوییە لە جیهاندا کە لەلایەن کۆمیسیۆنی ئەوروپا بە هاوکاری ئاژانسی واڵایی ئاسمانی ئەوروپا بەڕێوەدەبرێت و خزمەتگوزاری نەخشەسازی لەسەر بنەمای وێنەی مانگی دەستکرد پێشکەش دەکات.

XS
SM
MD
LG