Accessibility links

بەرپرسێکی ئێرانی بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە ژیانی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران لە مەترسیدایە


ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری "بەرپرسێکی ئێرانی" بڵاویکردەوە دوای کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەری سەرۆکی ئێران، ژیانی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران لە مەترسیدایە.

ئەو بەرپرسە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە "هێشتا هیوامان هەیە، بەڵام ئەو هەواڵ و زانیاریانەی لە شوێنی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە دێت زۆر نیگەرانکەرن".

کاربەدەستانی ئێران دەڵێن، تیمەکانی گەڕان تا ئێستا نەیانتوانیوە ئەو کۆپتەرە کەوتووەتە خوارەوە کە ئیبراهیم ڕەیسی و هاوڕێکانی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتی هەڵگرتبوو، بەهۆی خراپی کەش و هەواوە، بدۆزنەوە.


وتەبێژی حکومەتی ئیبراهیم ڕەئیسی لە کەناڵی ئێکس نووسیویەتی، دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەی دەستەی حکومەت لە ڕۆژی یەکشەممە و پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتەکانی تایبەت بە ڕووداوەکە، ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی وەزیران بەرەو تەورێز بەڕێکەوتوون.

عەلی بەهادۆری جەهرومی ئاماژەی بەوەشکردووە جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار لەگەڵ "بەشێک لە ئەندامانی حکومەت" تارانیان بەجێهێشتووە و چوونەتە تەورێز.

بەپێی هەواڵی میدیا ئێرانییەکان، ئەو کۆپتەرەی هەڵگری ئیبراهیم ڕەیسی بووە، لە کێوی "دیزمار" لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات تووشی ڕووداو بووە.

وتەبێژی کەرتی فریاکەوتنی ئێران ڕایگەیاندووە بەهۆی "تەمێکی زۆر" ەوە ئەگەری چوونی تیمەکانی فریاگوزاری ئاسمانی بۆ شوێنی ڕووداوەکە قورسە.

بابەک یەکتاپەڕەست وتەبێژی کەرتی فریاکەوتنی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی ئیرنای ڕاگەیاندووە هەلیکۆپتەرێکی فریاگوزاری ڕەوانە کراوە، بەڵام بەهۆی تەمێکی زۆرەوە نەیتوانیوە لە ناوچەکە بنیشێتەوە و ناچار بوو بگەڕێتەوە.

بە وتەی ناوبراو هەشت ئەمبولانس ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کراون و تیمی فریاگوزارانی بەردەوامن لە گەڕان.

هەروەها وەزیری ناوخۆی ئێران بە ئاماژەدان بە بارودۆخی کەشوهەوای نالەباری ناوچەکە کردووە و هیوای ئەوەی دەربڕی کە ڕزگارکەران "بە زووترین کات بگەنە شوێنی ڕووداوەکە".

XS
SM
MD
LG