Accessibility links

هەلیکۆپتەری هەڵگری سەرۆکی ئێران و وەزیری دەرەوە تووشی ڕووداو دەبێت


هەلیکۆپتەری هەڵگری ئیبراهیم ڕەیسی، سەرۆکی کۆماری ئێران و شاندەکەی ڕۆژی یەکشەممە لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات تووشی ڕووداو دەبێت و ئاژانسه هەواڵییه حکومەتییەکانی ئێران سەرەڕای ڕاگەیاندنی هەواڵەکە، نووسیویانە هەندێک لە هاوەڵەکانی ڕەئیسی لەنێو هەلیکۆپتەرەکە توانیویانه پەیوەندی به ناوەندەوە بکەن.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە کە "هیواکان بۆ ئەوەی ئەم ڕووداوە بەبێ زیانی گیانی کۆتایی پێبێت، زۆرە."

بە پێی هەواڵی ئاژانسەکانی سەر بە حکومەتی ئێران، "سێ هەلیکۆپتەر" خەریکی گواستنەوەی ئیبراهیم ڕەئیسی و هاوەڵەکانی بوون بۆ تەورێز. دوو هەلیکۆپتەری دیکە کە "هەندێک لە وەزیر و بەرپرسان"یان هەڵگرتبوو "بە سەلامەتی گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست"، بەڵام ئەو کۆپتەرەی هەڵگری ئیبراهیم ڕەئیسی و محەمەد عەلی ئالهاشم، ئیمامی تەورێز و حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە بووە، تووشی ڕووداوێک بووە.

بەڵام ئاژانسی هەواڵی ئیسنا لە هەواڵێکی جیاوازدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیبراهیم ڕەئیسی و هاوەڵەکانی بۆ کردنەوەی بەنداوێک لە دەڤەری ئاراس گەشتیان کردووە و "بەهۆی کەشوهەوای تەماوی باکووری ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات" کاروانەکەی ڕەئیسی ناچار بووە گەشتەکەی بە ڕێگەی زەوییەوە ئەنجام بدات.

ئەم ئاژانسە هەواڵییە حکومییە هەروەها ڕایگەیاندووە کە "تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی ئەم هەواڵەی پشتڕاست نەکردۆتەوە و ڕەتی نەکردۆتەوە"و ئاماژەی بەوەشکردووە " ئاژانسە هەواڵییەکان هەواڵی ڕووداوی یەکێک لە کۆپتەرەکانیان ڕاگەیاندووە".

ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی ئیرنا رایگەیاندووە شوێنی ڕووداوەکە "دارستانی دیزمار، لە نێوان گوندی برازین و ئەردەشیری" لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتە و ڕاپۆرتی داوە کە "گەڕانەکانی تیمی فریاگوزاری دەستی پێکردووە"، بەڵام "بەهۆی بارودۆخی کەشوهەوای نالەبار و سەختی رێگاوبانەکانی ئەو ناوچەیە، ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و ڕزگارکردن کاتیان دەوێت."

ئیسنا لە زاری ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێرانەوە ڕایگەیاندووە، "تا ئێستا تیمەکانی فریاگوزاری نەگەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە".

هەروەها گوتیشی "بەهۆی ئەوەی ناوچەکە لەبار نییە، هەندێک پەیوەندییەکان ئەستەمن، چاوەڕوانی تیمەکانی فریاکەوتن دەکەین بگەنە ناوچەی ڕووداوەکە و زانیاریمان پێبدەن."

ئەم هەواڵە نێو دەکرێتەوە

XS
SM
MD
LG