Accessibility links

ڕێککەوتنی ناوکی ئەمەریکا و سعودیە چۆن دەشێت سەرکەوتوو بێت ؟


جەیک سولیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی بڕیارە لە پشووی کۆتایی هەفتەدا سەردانی سعودیە بکات بۆ وتووێژکردن و تاوتوێی کردنی پرسی ڕێککەوتنی هاوکاری ئەتۆمی مەدەنی، ئەمەش وەک بەشێک لە ڕێککەوتنێکی فراوانتر ئەوەی واشنتن هیوادارە ببێتە هۆی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعودیە.

ڕێککەوتنی هاوکاری ئەتۆمی مەدەنی چییە؟

بەپێی مادەی ژمارە 123 ی یاسای وزەی ئەتۆمی ئەمەریکا ی ساڵی 1954، ئەمەریکا دەتوانێت دانوستان لەسەر دەستەبەرکردنی ڕێککەوتنەکان بکات بۆ بەشداریکردنی لە هاوکارییە ئەتۆمییە مەدەنییە گرنگەکان لەگەڵ وڵاتانی دیکە. ئەمەریکا نۆ پێوەر بۆ بڵاونەبوونەوەی چەکی ئەتۆمی دیاری دەکات کە دەبێت ئەو دەوڵەتانە جێبەجێی بکەن بۆ ئەوەی نەتوانن ئەو تەکنەلۆژیایە بەکاربهێنن بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی یان گواستنەوەی کەرەستە هەستیارەکان بۆ لایەنی دیکە.

بۆچی سعودیە ڕێککەوتنی هاوکاری ئەتۆمی لەگەڵ ئەمەریکای دەوێت؟

سعودیە وەک گەورەترین هەناردەکاری نەوت لە جیهاندا، لە یەکەم سەرنجدا، کاندیدێکی ئاشکرا نییە بۆ پەیماننامەیەکی ئەتۆمی کە بە شێوەیەکی گشتی بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بێت .

دوو هۆکار هەن کە ڕەنگە ڕیاز ئارەزووی ئەنجامدانی ئەو کارە بکات:

یەکەمیان ئەوەیە کە بەپێی پلانی چاکسازی دیدگای 2030 ی شازادەی جێنشین محەمەد بن سەلمان، ئامانجی شانشینی یەکگرتوو بەرهەمهێنانی وزەی نوێبووەوەی بەرچاوە و هەروەها کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوییە، بەلانیکەم پێشبینی دەکرێت بەشێک لەم خواستانە ، سەرچاوەیان لە وزەی ئەتۆمیەوە بێت.

ڕەخنەگران ئاماژە بە ئەگەری هۆکاری دووەم دەکەن و دەڵێن ڕەنگە ڕیاز بیەوێت شارەزایی ئەتۆمی پەرەپێبدات لە ئەگەری ئەوەی ڕۆژێک بیەوێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت، ئەمەش وێڕای ئەو ڕێوشوێنە پارێزراوانەی کە لە هەر ڕێککەوتنێکدا لەگەڵ واشنتن بۆ ڕێگریکردن لەم بابەتەدا ئاماژە یپێکراوە دەستنیشان کراوە.

شازادەی جێنشین ی سعودیە "محەمەد بن سەلمان" لە مێژە رایگەیاندووە کە ئەگەر ئێران پەرە بە چەکی ئەتۆمی بدات، ئەوا سعودیەش جێپێی هەڵدەگرێت. ئەمەش هەڵوێستێکە کە نیگەرانی قووڵی لای داکۆکیکارانی کۆنترۆڵکردنی چەک و هەندێک لە یاسادانەرانی ئەمەریکای لەبارەی ئەگەری ڕێککەوتنی ئەتۆمی مەدەنی ئەمەریکا و سعودیە زیاتر کردووە. شانشینی موسڵمانی سوننە ئاینزا و ئێرانی شیعە ئاینزا دەیان ساڵە لە ناکۆکیدان.

ئەمەریکا چۆن لە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی مەدەنی لەگەڵ سعودیە سوودمەند دەبێت ؟

دەکرێت رێكکەوتنەکە دەستکەوتی ستراتیژی و بازرگانی هەبێت. بەڕێوەبەرایەتی بایدن هیچ نهێنیەکی لە هیوای خۆی نەشاردۆتەوە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێکی درێژخایان و فرەبەش دەستەبەر بکات کە بەهۆیەوە سعودیە و ئیسرائیل بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان ببات. هاوکات ئەمەریکا پێی وایە پشتگیریکردنی سعودیە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی ڕەنگە بەشێکی پەیوەست بێت بە ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی مەدەنی.

لە لایەکی دیکەوە، سوودە ستراتیژییەکانی بەهێزکردنی ئاسایشی ئیسرائیل، دروستکردنی هاوپەیمانییەکی فراوانتر لە دژی ئێران، و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی عەرەبی لە کاتێکدا کە چین هەوڵی فراوانکردنی نفوزی خۆی لە کەنداوی فارس دەدات، سوودەکانی دیکەی ئەم پلانە بۆ واشنتن.

ئاستەنگەکانی بەردەم ڕێککەوتنی ئەتۆمی مەدەنی نێوان ئەمەریکا و سعودیە چین؟

لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕی غەززە، شتەکان زۆر پێشبینی ناکرێن. پێناچێت سعودییەکان ئامادەبن پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە لە کاتێکدا فەلەستینییەکان بەو ژمارە زۆرەیە دەکوژرێن.

ئیسرائیل دوای ئەوەی چەکدارانی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەر هێرشیان کردە سەر پێکهاتەکانی باشووری ئیسرائیل و بەپێی ئامارەکانی ئیسرائیل نزیکەی هەزار و 200 کەسیان کوشت و 253 کەسیشیان بە بارمتە گرت، هێرشی کردە سەر کەرتی غەززە.

بەرپرسانی تەندروستی غەززە کە لەلایەن حەماسەوە بەڕێوەدەبرێت، دەڵێن، زیاتر لە 35 هەزار کەس کوژراون و بەدخۆراکیش بەربڵاوە.

ئەو پەیماننامەی فراوانترە چییە کە ڕەنگە گرێبەستێکی ئەتۆمی لەخۆ بگرێت؟

ئەمەریکا هیوادارە ڕێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی چەند شتێک بە سعودیە بدات کە خۆی دەیەوێت، لەوانە پەیمانی ئەتۆمی مەدەنی و گەرەنتی ئەمنی و ڕێگایەک بەرەو دەوڵەتی فەلەستین لە بەرامبەردا ڕیاز ڕازی بێت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل.

سەرەتای ئەم مانگە حەوت کەسی ئاگادار لەم بابەتە بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە کە بەریوبەرایەتی بایدن و سعودیە بەرەو یەکلاکردنەوەی ڕێککەوتنێک دەڕوەن بۆ گەرەنتی ئەمنی و هاوکارییە ئەتۆمییە مەدەنییەکان بۆ ڕیاز.

بەڵام ئاساییکردنەوەی فراوانتری ئیسرائیل و سعودیە کە وەک بەشێک لە "سەودایەکی گەورەی" ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشبینی دەکرێت، هێشتا زەحمەت بێت.

هەندێک لە پرسە سەرەکییەکان چین کە دەبێت لە گرێبەستێکی ئەتۆمی سعودیە و ئەمەریکادا کاریان لەسەر بکرێت؟
پرسێکی سەرەکی ئەوەیە کە ئایا واشنتن ڕازی دەبێت بە دروستکردنی دامەزراوەیەکی پیتاندنی یۆرانیۆم لەسەر خاکی سعودیە؟ یان چ کاتێک ئەو کارە دەتوانێت دەستپێبکات؟ هەروەها ئایا کارمەندانی سعودیە دەتوانن بەشدار بن لە دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆم یان تەنها لەلایەن کارمەندانی ئەمەریکاوە بەڕێوەدەبرێت.؟

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG