Accessibility links

کاردانەوەی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لەسەر سزادانی بەرپرسانی هەدەپە


ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (HRW) و پرۆژەی پشتیوانی لە دۆزی مافی مرۆڤی تورکیا ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند کە لە دۆسێی کۆبانێدا، سیاسەتمەدارانی کورد دوای دادگایییەکی ئاشکرای "سیاسی و ناڕەوا" بە تاوانی هەڵبەستراوی دژی دەوڵەت لەلایەن دادگای تورکیاوە سزا دراون.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت "بڕیارەکە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە بەرپرسانی تورکیا سیستەمی دادوەری تاوانکاری وەک ئامرازێک بەکاردەهێنن بۆ زیندانیکردنی سیاسەتمەداران بۆ ماوەیەکی زۆر بە تۆمەتی بێ بنەما و هەوڵی دوورخستنەوەیان لە ژیانی سیاسی وەک نوێنەری هەڵبژێردراو دەدەن".

بە گشتی 108 ئەندامی هەدەپە لە دۆسیەی کۆبانێدا دادگایی دەکرێن کە ماوەی چوار ساڵە بەردەوامە، لەنێویاندا سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە و فیگەن یوکسەکداغ.

دادگای تاوانە قورسەکانی ئانکەرە سزای 42 ساڵی بەسەر دەمیرتاشدا سەپاند و فیگەن یوکسەکداغیشی بە 30 ساڵ و 3 مانگ زیندانی کردن سزا دا. هاوکات زۆرێک لە سیاسەتمەدارانی دیکەش سزای زیندانی درێژخایەنیان بەسەردا سەپێندرا.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت بڕیارەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی دادگای ئانکەرە کە سیاسەتمەدارە سزادراوەکان وتوویانە داوای پێداچوونەوە بەسەریدا دەکەن، "دوایین هەنگاوی هەڵمەتێکی درێژخایەنی گۆشەگیری و دڕندەییە، کە دژی هەدەپەی لایەنگری مافەکانی کورد بەڕێوەدەچێت. گۆشەگیرییەکە لەلایەن حکومەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاوە سەرپەرشتی دەکرێت."

لە تۆمەتەکەی کە سێ هەزار و 830 لاپەڕەیە، پۆستی سۆشیال میدیا لە 6ی یازدەی 2014، لە هەژماری تویتەرەکەی هەدەپە و وتارە سیاسییەکانی سیاسەتمەداران وەک بەڵگەی سەرەکی ئەو تۆمەتانە خراوەتەڕوو، بەڵام بەڵگەکانی دژی ئەوان، وەک لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا (ECtHR) پشتڕاستکراوەتەوە، تەنیا لە پۆستەکانی سۆشیال میدیا و وتارە سیاسییەکانی پارتەکەیان پێکدێت.

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت دەرکەوتووە کە داواکاری گشتی چەند لێدوانێکی نهێنی شایەتحاڵی لە تۆمەتبارکردنەکەدا خستووەتەڕوو بۆ ئەوەی تۆمەتی بێ بنەما و گشتی لە دژی سیاسەتمەداران بەکاربهێنێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "خستنەڕووی ئەم لێدوانە جێی پرسیارانە بۆ ناو دۆسیەکە ڕێزی لە مافە سەرەتاییەکانی تۆمەتباران نەگرتووە بۆ دادگاییکردنی دادپەروەرانە."

هیو ویلیامسۆن کە بەرپرسی ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕاستە لە HRW دووپاتی کردەوە کە لە دادگایییەکی گشتیدا سزایدانی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و سیاسەتمەدارە پێشەنگەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنی کورد دوایین هەنگاوی هەڵمەتی بێدەنگکردن و تۆقاندنیانە.

ویلیامسۆن گوتیشی " ئەم بڕیارە سزای نوێنەرانی هەڵبژێردراوی دەنگدەرانی کورد دەدات، پرۆسەی دیموکراسی تێکدەدات و قسەی سیاسی یاسایی بە تاوان دەزانێت."

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ڕایشیگەیاندووە کە بڕیارەکەی دادگای ئانکەرە بە ڕوونی پێشێلکردنی دوو بڕیاری دادگای مافەکانی ئەوروپا (ECtHR ) یە.

وتیشی "دادگای مافەکانی یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی 2020 سەبارەت بە دەمیرتاش بڕیاریدا و لە ئۆکتۆبەری 2022ش سەبارەت بە یوکسەکداغ و 12 کەسی دیکە بڕیاریدا کە دەستگیرکردنیان لەسەر قسەکردن و هاوبەشیکردن لە سۆشیال میدیا هەنگاوێکی سیاسییە بۆ بێدەنگکردنیان. سەرکوتکردنی فرەیی و سنووردارکردنی ئازادی مشتومڕی سیاسییە کە بنەمایەکی سەرەکییە بۆ چەمکی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی."

ئایشە بینگۆڵ دەمیر کە بەرپرسی پڕۆژەی پشتیوانی لە دۆسیەی مافی مرۆڤی تورکیایە، هەروەها ڕایگەیاندووە کە سزادانی دەمیرتاش و یوکسەکداغ و سیاسەتمەدارانی دیکە "گورزێکی دیکەیە لە مافەکانی کورد بەهۆی بەرگریی سیاسیی یاساییەوە."

نوسینی ئوزلەم یاساغ بە پشتبەستن بە ڕاگەیاندنەکانی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (HRW) و پرۆژەی پشتیوانی لە دۆزی مافی مرۆڤی تورکیا

XS
SM
MD
LG